کێبڕکێی بەرەی ئێرانی و تورکی لە کەرکوک؛ سەرکردە نزیکەکان لە تورکیا لەدەرەوەی گۆڕەپانی سیاسین
٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٩:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوو سەرکردەی دیاری نزیک لە تورکیا گۆڕەپانی سیاسی کەرکوکیان بەجێهێشت و ئێستا لەدوورەوە لە ململانێکان دەڕوانن، لەکاتێکدا ئەو دوو سەرکردەیە پێشتر دوو ژمارەی قورسی نێو گۆڕەپانی سیاسی کەرکوک بوون.
حەسەن تۆران سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و راکان جبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی لەوکاتەوە پێگەی سیاسییان لاوازبوو، ناکۆکی نێوخۆیی بەرۆکی گرتن و دووچاری شکست بوون کاتێک ڕکابەرەکانیان بەبێ ئەوان حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان پێکهێنا.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی پارتی ئامانجی عەرەبی و سەرکردەی دیاری عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەجێندای تورکی و ئێرانی لە کەرکوک بوونی هەیە، لایەنەکان بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەشبوون.
دوای لابردنی ئەرشەد ساڵحی لە پۆستی سەرۆکی بەرەی تورکمانی و دانانی حەسەن تۆران لە جێگەکەی، ناکۆکی نێو بەرەی تورکمانی گەیشتە ئاستێک، ساڵحی لەهەڵبژاردنەکاندا کاندیدی جیای خۆی هەبێت و پاڵپشتی لێبکات.
بەهۆی بەردەوام بوونی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بەرەی تورکمانی، دواجار حەسەن تۆرانیش دەستبەرداری سەرۆکی بەرەکە بوو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پێگەی بەرەی تورکمانی لە غیابی تۆراندا ڕوونتر دەکاتەوە.
بەرەی تورکمانی کە خاوەنی دوو کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە، نزیکە لە تورکیاوە و دوێنێ ماردین کوک قایا ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەکە خۆڵی کەرکوکی پێشکەشی دەوڵەت باخچەلی کرد، لەکاتێکدا تورکمانە شیعەکان نزیکن لە ئێرانەوە.
هاوشێوەی تورکمان پێکهاتەی عەرەبیش بۆ سەر بەرەی تورکیا و ئێران دا دابەشبوون، راکان جبوری کە لە بەرەی خەمیس خەنجەرە و نزیکە لە تورکیاوە بێ بەشکراوە لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک و لە کێبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور خرایەوە، لەکاتێکدا ڕکابەرەکانی کە نزیکن لە لایەنە شیعەکانەوە هەموو پۆستەکانیان بۆ خۆیان بردووە.
شەوی 10 ی مانگی 8 ی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە پاڵپشتی تورکمانە شیعەکان، بە بێ پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
دوای پيکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و لە ڕۆژی 4 ی مانگی 3 ی 2025، حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و راکان جبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی و پارێزگاری پێشووی کەرکوک سەردانی تورکیایان کردو لەلایەن هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا.
ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت: ئەوکات راکان جبوری و حەسەن تۆران بۆ گفتووگۆکردن لەبارەی دۆخی کەرکوک رۆیشتوونەتە تورکیا.