فەردان؛ گرێکوێرەی چەکدارانی بیانی لە سووریا دێنێتەوە بهرباس
٢٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣١ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە کەمپی "فەردان" لە ناوچەی حارمی باکووری ئیدلب، لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا و گرووپی "کەتیبە الغورەبا" کە لە چەکدارانی فەرەنسی و بیانی پێکهاتوون له چهند ڕۆژى ڕابردوودا، سەرلەنوێ دۆسیەی چەکدارانی بیانی لە سووریادا هێنایەوە بهر گفتوگۆ.
ئەم ڕووداوە، کە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاگەیەندراوی دەسەڵاتی نوێی سووریا بوو لەگەڵ چەکدارانی بیانی، پرسیارگەلێکی زۆری سەبارەت بە چارەنووس و ڕۆڵی ئەم گرووپانە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا هێنایەوە ئاراوە.
سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوە و هۆکارەکانی
گرژییەکان کاتێک دەستیان پێکرد کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا، چوارشەممەی ڕابردوو، کەمپی چەکدارانی فەرەنسییان لە حارم گەمارۆدا و هەڵمەتێکی ئەمنییان دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک داواکراو بە سەرۆکایەتی "عومەر دیابی" ناسراو بە "ئۆمسن".
هۆکاری سەرەکی هەڵمەتەکە بۆ ڕفاندنی کچێکی فەرەنسی بە ناوی "مەیموونە فێرستای" (11 ساڵان) دهگهڕێتهوه، کە لەلایەن گرووپەکەوە لە دایکی جیابکرابووەوە و لە کەمپەکەدا ڕاگیرابوو. عەمید غەسان باكیر، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە ئیدلب، ڕایگەیاند کە هەڵمەتەکە "وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ سکاڵای خێزانەکانی کەمپەکە سەبارەت بە پێشێلکارییە گەورەکان، دواینیشیان ڕفاندنی کچێک لە دایکی لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە بە سەرۆکایەتی عومەر دیابی".
دوای پێکدادانەکان كه بهكارهێنانى چهكی قورسی تێكهوت، وەزارەتی ناوخۆی سووریا گەیشتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ سەرکردایەتی "کەتیبە الغورەبا" بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان و گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگا لە وەزارەتی داد. هەروەها بڕیار درا سێ ناوبژیوان لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی چەکدارانی بیانی، کە بریتین لە "ئەبوو محەمەد تورکستانی"، "عەبدولعەزیز ئۆزبەکی" و "ئەبوو ئەنەس تاجیكی"، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی عومەر دیابی بکەن.
گرووپی "کەتیبە الغورەبا" کێن؟
"کەتیبە الغورەبا" گرووپێکە کە چەکدارانی فەرەنسی و بیانی دیکە لەخۆدەگرێت و لە کەمپێکی نزیک سنووری تورکیا لە ئیدلب نیشتەجێن. ژمارەیان نزیکەی 70 چەکداری فەرەنسییە و لەگەڵ خێزانەکانیاندا دەژین. کەمپەکە بە دیوارێک دەورەدراوە کە لەلایەن ئەندامانی گرووپەکەوە دروستکراوە بۆ پاراستنی تایبەتمەندێتی خۆیان، هەروەها بە کامێرای چاودێری و ئامێری ئاشکراکردنی جووڵە دابین کراوە. سهرۆكهكهیان ناوى (عومەر دیابی)یه.
عومەر دیابی، ناسراو بە "ئۆمسن"، لە ساڵی 1981 لە شاری نیس لە فەرەنسا لە بنەچەیەکی سهنیگالی لەدایکبووە. یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی گرووپە بیانییەکان لە باکووری سووریا. لهڕێگهى گرووپهكهیهوه دەسەڵاتی خۆی بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردن و ڕفاندن سەپاندووە.
دیابی لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە بە "بەرپرس لە وەرگرتنی 80%ـی ئەو جیهادییانەی بە فەرەنسی دەدوێن و ڕوویان لە سووریا و عێراق کردووە" پۆلێن کراوە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2016ـدا وەک "تیرۆریستێکی جیهانی" دەستنیشانی کردووە.
سەرەڕای ئەوەی دیابی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە گرووپەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و پەیوەندی بە "لیوای 82"ـی سوپای سووریای نوێوە کردووە، بەڵام بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتی خۆی لەناو کەمپەکەدا و هاوڵاتیانی سڤیلی وەک قەڵغان بەکارهێناوە و هەر چاودێرییەکی لایەنە ئەمنییەکانی ڕەتکردووەتەوە.
پێشتریش بارگرژی و ناکۆکی لە نێوان عومەر دیابی و لایهنهكانى دیكه بهتایبهتى ههیئهی تهحریری شام كه پێكهێنهرى دهسهڵاتى ئێستاى سوریایه، درووستبووه. ههیئهكه پێشتر دوو جار دیابیی دەستگیرکردووە، دواین جار لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022 بۆ ماوەی 17 مانگ بووە. دیابی پێشتر "تەحریر شام"ـی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە "ڕاستگۆیی و بێلایەنی نییە و متمانەی پێناکرێت، چونکە خیانەتی له خەڵکی سووریا و موجاهیدانی کردووە".
پرسی چەکدارانی بیانی؛ گرێکوێرەیەکی گەورە
ئهم ڕووداوه، پهردهى لهسهر یهكێك له مهترسیی و ئالهنگارییهكانى سوریا ههڵماڵی كه دهمێكه چاودێران هۆشداریی لهبارهوه دهدهن، ئهویش بوونى گروپی میلیشیایی زۆر و بهتایبهتیش بیانییه.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، پرسی چارەنووسی چەکدارانی بیانی لە سووریا بووەتە بابەتێکی گەرم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، چونکە بە هەزاران چەکدار لە وڵاتانی جیاوازەوە، بەتایبەت لە ساڵی 2013ـهوە، لە ڕێگەی تورکیاوە گەیشتوونەتە سووریا. زۆربەیان بەشدارییان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کردووە و خۆیان لە چوارچێوەی گرووپە جیاوازەکاندا ڕێکخستووە. ژمارەیان لە ئێستادا بە نزیکەی 5000 چەکدار دەخەمڵێنرێت.
وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، نیگەرانی خۆیان دەربارەی داهاتووی ئەم چەکدارانە دەربڕیوە. لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، سێ نێردەی ئەوروپی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە كارى لهپێشینه نەهێشتنی "چەکدارە جیهادییەکانە" و مهرجی وهرنهگرتنى هیچ پۆستێكه لهو وڵاته لهلایهن ئهو گروپانهوه.
واشنتۆن دواتر ڕەزامەندی لەسەر پلانێک دا کە سەرکردایەتی نوێی سووریا پێشنیازی کردبوو بۆ ڕێگەدان بە نزیکەی 3500 چەکداری بیانی، کە پێشتر لە ئۆپۆزسیۆندا بوون، بۆ ئەوەی بچنە ناو سوپای سووریا، بە مەرجێک کە "بە شێوەیەکی شەفافانە" ئەنجام بدرێت.
لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، چەندینجار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە چەکدارانی بیانی بە تاک و نەک بە گرووپ هاتوونەتە سووریا بۆ پشتیوانیکردنی گەلی سووریا لە کاتی شۆڕشەکەدا. ناوبراو دڵنیایی بە وڵاتانی جیهان داوە کە چەکدارهكان مەترسی بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ دروست ناکەن و زیان بە وڵاتانی خۆیان ناگەیەنن.
هاوكات پرسی تێكهڵكردنى چهكدارهكان به كۆمهڵگهى سوریی و پێدانى ڕهگهزنامه پێیان، لهو چارهسهرانهن كه گفتوگۆیان لهبارهوه دهكرێت.
بهڵام پێکدادانانەكهی "فرقە الغورەبا"، جارێكى تر دهرگا لهسهر مهترسیی ئهو گروپانه دهكاتهوه ئهگهر چارهسهرى خێرا و بنبڕیان بۆ نهكرێت، بهتایبهتى مهترسی ئهوهى گرووپە بیانییەکان ببن به یهك بهره و دژ به ڕژێمى ئێستاى سوریا بوهستنهوه و ڕهتیبكهنهوه لە دامەزراوە سەربازییە فهرمییهکاندا تێكهڵ بكرێن.