سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگی هه‌رێم: هه‌ندێك لایه‌نى عێراقی ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى پاراستنى ده‌ستوور له كورد وه‌ربگرنه‌وه
٢٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٥٧ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه به‌وه‌ده‌كات هه‌ندێك لایه‌نى عێراقی ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى پاراستنى ده‌ستور له سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرنه‌وه، باس له‌وه‌شده‌كات له گفتۆكاندا زۆرجار شانده‌كانى عێراق ڕه‌شنووسه‌كانیان ده‌گۆڕیی.
د. عه‌بدولكه‌ریم خوسره‌و، له‌میانه‌ى دیداری ده‌ستوورى عێراق كه ده‌زگاى ڤیژن ئه‌مڕۆ له سلێمانى ئه‌نجامى دا، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد به‌پێی یاسا سه‌رۆك كۆمار پارێزه‌رى ده‌ستوورى عێراقه، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نى عێراقی ده‌یانه‌وێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرنه‌وه و بیده‌ن به ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریی، له‌كاتێكدا ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى نییه و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامه‌كانیشی له‌به‌رده‌م سه‌رۆك كۆماردا سوێندنى ده‌ستبه‌كاربوون ده‌خۆن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا ئه‌م نیازه ته‌نها به‌وهۆیه‌وه‌یه كه پۆستى سه‌رۆك كۆمار لای كورده.
له‌به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانییدا، ناوبراو له‌باره‌ى گفتوگۆكانى نێوان شانده‌كانى هه‌رێم و به‌غدا، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد هه‌ندێكجار له‌سه‌ر بابه‌تێك ده‌گه‌شتنه ڕێككه‌وتن و ئاماده‌كردنى ڕه‌شونووسێك، كه‌چى بۆ ڕۆژى دواتر لایه‌نى عێراقی پابه‌ند نه‌ده‌بوو به‌و ڕه‌شنووسه و ده‌یانگۆڕیی.