سەرچاوەیەک: هەرێم ناتوانێت مانگانە 120 ملیار دینار بداتە عێراق
٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٥٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت مانگانە 120 ملیار دینار ڕەوانەی عێراق بکات چونکە بڕەکەی زۆرە، بۆیە داوای لە عێراق کردووە بەپێی یاسای "ادارە المالیە" مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکرێت.
سەرچاوە سیاسییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەرێم ئامادەیە پابەندی یاسای "ادارە المالیە" ببێت، بەڵام عێراق پێداگیری لەسەر 120 ملیارەکە دەکات تا ئەوکاتەی ڕێککەوتن دەکرێت، لەکاتێکدا ئەم بڕە بۆ هەرێم زۆرە.
دەشڵێت: "عێراق شتێکی لەبن سەردایە و دەیەوێت چەند موچەیەک نەنێرێت، دواتر تەیف سامی لە کۆتایی ساڵدا بڵێت ساڵ تەواو بوو، ناتوانم لە بودجەی 2026 پارە بۆ 2025 خەرج بکەم، لەکاتێکدا ئێستا دەتوانن چوار موچەکە بنێرن و چوار 120 ملیار دیناریی لێ ببڕن."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی ڕەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت کردووە، زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە پشتگیری ڕای هەرێمیان کردووە، بەڵام دواتر دەستوەردانی سیاسی کراوە.