سکاڵای یاسایی لەسەر "قوتابییەکەی" جەلال تاڵەبانی تۆماردەکرێت
٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:١٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕۆیشتە سەر بازگەیەکی پۆلیس و داوای هەڵگرتنی کرد، پۆلیس سکاڵای یاسایی لەسەر 'ئەوس ئیبراهیم'، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە لیستی یەکێتی تۆمار کرد.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پۆلیس بە فەرمی لە دادگا سکاڵای یاسایی لەسەر ئەوس ئیبراهیم تۆمار کردووە.
شەوی ڕابردوو، ئەوس ئیبراهیم گرتەیەکەی ڤیدۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای هەڵگرتنی بازگەیەکی پۆلیس دەکات لە دەروازەی خانەقین، بە پاسای ئەوەی خەڵک بێزار دەکەن.
سەرچاوەکە دەڵێت: ئەو هێزەی سکاڵای لەسەر ئەوس تۆمار کردووە فەرماندەکەیان کوردە.
ئەوس ئیبراهیم تەنها ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەیە لە پشکی یەکێتی، ناوبراو بە ڕەگەز عەرەبە و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگادا توانی لەنێو لیستی یەکێتی زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە و بەوهۆیەوە تاکە کورسییەکەی یەکێتی لە ئەنجومەنەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
دوای دەرچوونی بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەوس ئیبراهیم ڕایگەیاند: "من قوتابی (تلمیذ) مام جەلالم."