ههوڵی تیرۆركردنى پارێزگارى كهركوك؛ گومان و نهێنییهكان
٢٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
دوێنی یەکشەممە، میدیاکان ئاماژەیان بە هەوڵێکی پوچەڵکراوە بۆ تیرۆرکردنی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک کرد، گوایە هەوڵەکە لە ڕێگەی ماتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژ کراوەوە بووە.
سەرەداو
بەپێی گێڕانەوەی سەرچاوە نزیکەکان لە پارێزگاری کەرکوک بۆ پەنجەرە، پێشتر دوو کەسی گومانلێکراو کوژران و کەسێکی تریش دەستگیرکراوە، گوایە کوژراو و دەستگیرکراوەکان گومانی نزیکایەتی داعشیان لێکراوە.
سەرچاوە نزیکەکان لە پارێزگاری کەرکوک دەڵێن، دەستگیرکراوەکە دانی بە پلانێکدا ناوە بۆ تیرۆرکردنی پارێزگاری کەرکوک و باسیلەوەکردووە، پلانەکە لەلایەن گروپێکی جیاواز لەوانەوە دانراوە.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانە، دەزگا ئەمنییەکان چاودێری دۆخەکەیان کردووە و درۆنی چاودێریش لە نزیک ماڵی پارێزگاری کەرکوک لەشەواندا هەڵدراوە، بۆ دڵنیابوون لە دۆخەکە و ئاشکراکردنی گومانلێکراو لەسەر بیناو باڵەکاخانەکان.
کرۆکی پلانەکە
سەرچاوە نزیکەکان لە پارێزگاری کەرکوک باس لەوەدەکەن، دوێنێ یەکشەممە، ماتۆڕسکیلێک لە نزیک ماڵی پارێزگاری کەرکوک بینراوە، دواتر شۆفێرەکەی ڕۆیشتووەتە نێو مارکێتێکەوە و پاشان دیار نەماوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکان، دەزگا ئەمنییەکان لە مەسەلەکە ئاگادار کراونەتەوە و دەزگای دژەتیرۆر ی عێراق و سلێمانی گەیشتوونەتە نزیک ماڵی پارێزگار، کاتێک ماتۆڕسکیلەکەیان پشکنیووە بۆیان دەرکەوتووە بۆمبی پێوە لکێنراوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە پارێزگاری کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە تا ئێستا دەستگیر نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی بەدواداچوون، بەڵام ژمارەیەک گومانلێکراو دەستگیرکراون و هەندێکیان ئێوارەی دوێنێ ئازاد کراون.
سەرچاوە نزیکەکە لە پارێزگاری کەرکوک پێیوایە، هەوڵی بە ئامانج کردنی پارێزگاری کەرکوک سیاسییە، بەو پێیەی دۆخی پارێزگاکە لەکاتی هەڵبژاردن دا جۆرێک گرژی تێدایە.
سەرچاوەکە دەڵێت: پارێزگار هیچ ناڵێت و نایەوێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێت، بەڵام دژە تیرۆری عێراق لێکۆڵینەوە دەکات.
بانگەشەکردنی سەرچاوە نزیکەکان لە پارێزگار بۆ پوچەڵکردنەوەی هەوڵی تیرۆرکردنەکە، لەکاتێکدایە تا ئێستا هیچ گروپێکی تیرۆرستی و لایەنێکی سیاسی بەرپرسیارێتی خۆی لەهەوڵی لەو جۆرە دەرنەبڕیووە.