شەرع و گروپە چەکدارەکان؛ لە هاوخەباتییەوە بۆ ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوە
٢٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٤٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەری ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریای خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە، بەو پێیەی فشارەکان گرێدراون بەو گروپە چەکدارە توندڕەوانەوە کە بەشێکی سوپای سوریا پێکدەهێنن.
خواستی نێودەوڵەتی
سەرۆکی سوریا لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدایە و داوای لێدەکرێت دەست بەرداری گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بێت، لەکاتێکدا شەرع پلانی هەبوو ئەو گروپانە بکات بە بەشێک لە سوپای وڵاتەکەی.
لە ئەگەری بەهەند وەرنەگرتنی خواستە نێودەوڵەتییەکان دا ڕەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ نەکات، کە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دەیەوێت.
هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر دروز و عەلەوییەکان و بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ئازاردانی هاوڵاتییانی ئەو پێکهاتانە لەلایەن ئەو گروپانەوە، هاندەرە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ لاوازکردنی ئەو گروپانە بکات.
گەورەترین گرفتی حکومەتی سوریا بۆ جێبەجێکردنی خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوەیە، بەشێکی زۆر لە چەکدارانی سەر بە گروپەکان بە پاساوی ئەوەی شەڕیان بۆ وڵاتەکە کردووە و هاوسەرگیرییان لەگەڵ کچانی سوریدا ئەنجامداوە ڕەگەزنامەی سورییان پێداون.
کۆسپە گەورەکە
بەڕای چاودێرانی سیاسی، دەست بردنی سەرۆکی سوریا بۆ گروپە چەکدارە توندڕەوەکان دۆسیەیەکی ئێجگار هەستیار و مەترسیدارە، بەو پێیەی بەدوور نازانرێت ئەو گروپانە ڕووبەڕووی سوپای سوریا ببنەوە.
چاودێران دەڵێن، ئەگەری ڕوودانی ڕووبەڕوو بوونەوە لەنێوان سوپای سوریا و گروپەکان دەرفەت دەداتە وڵاتانی دەرەکی بۆ دەستوەردانی زیاتر لە کاروباری ئەو وڵاتە.
ئەگەر لە ڕابردوودا دژایەتی ڕژێمەکەی ئەسەد خاڵی کۆکەرەوەی ئەحمەد شەرع و گروپە توندڕەوەکان بووبێت، ئەوا لە ئێستادا دۆخەکە گۆڕاوە و بەدوور نازانرێت کۆتایی هاتنی ئەجێندا و بەرژەوەندییەکانیان دووچاری پێکدادانیان بکات.
لەکاتێکدا شەرع دەسەڵاتی سوریای گرتووەتە دەست و دەیەوێت خۆی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بگونجێنێت، بەڵام لەڕووی بیروباوەڕەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر ئەو گروپانە و فەرماندەکانیاندا نەهاتووە، ئەمەش داهاتووی ئەو وڵاتە دەخاتە بەردەم مەترسی پێکدادانی چەکداری.