سەرکردەیەکی پارتی: یەکێتی زیاتر لە قەبارەی خۆی داوای پۆست دەکات
٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٠٤ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرکردەیەکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هێڵی سوری لەسەر پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت داناوە کە بۆ پارتی بن، دەشڵێت: یەکێتی زیاتر لە قەبارەی دەنگ و کورسییەکانی پۆستی لە حکومەتی داهاتوودا دەوێت.
سەرکردەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: براوەی یەکەم جەماوەر دەستنیشانی دەکات، ئەنجامی هەڵبژاردن پۆستەکانی دیاریکردووە کە بۆ پارتی بن و پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی بەهێڵێکی سوور دیارییکردووە بۆ پارتی.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تائێستا نە پەرلەمانەکە کارا کراوە، نە کابینەی نوێی حکومەتیش پێکهێنراوە.
سەرکردەکەی پارتی لەمبارەیەوە دەڵێت: پێکهێنانی کابینەکانی پێشووتر جاری وا هەبووە 11 مانگی ویستووە، ئێستاش پارتی گرفتی نییە و یەکێتی زیاد لە قەبارە و ڕێژەی دەنگەکانی خۆی داواکاری هەیە، بۆیە پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، سۆشیالیست 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕانیش کورسییەکی بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەو 5 کورسییەی لە کۆی 100 کورسی دراوە بە پێکهاتەکان.
سەرکردەکەی پارتی، باس لەوەدەکات "پارتی بەقەد چوار حزب دەنگی هێناوە و ناکرێت ئەمە نادیدە بگیرێت."