د. یاسین تەها بۆ پەنجەرە: پشتێنەی ئەمنی هێزە شیعییەکان لەبەردەم ئەگەری تێکشکاندنی یەکجاری دایە
١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شارەزایەکی کاروباری عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی و تەنانەت بەبێ ویستی دامەزراوە دەوڵەتییەکان، وردە وردە کەوتووەتە نێو ناوەندی جەنگی نێوان ئێران و بەرەی (ئەمریکا - ئیسرائیل). ئەم دۆخەش وەک وەرچەرخانێکی مەترسیدار دەبینرێت کە جیاوازە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو.
جیاوازیی ئەمجارە لەگەڵ جەنگی ١٢ ڕۆژەی پێشوو
د. یاسین تەها، لێکۆڵەری ئەکادیمی لە کاروباری عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "پەنجەرە" ڕایگەیاند: "لە جەنگی ڕابردوودا کە ١٢ ڕۆژی خایاند، ئەمریکا هەوڵێکی زۆری دا عێراق تێوەنەگلێت و ڕێگری لە ئیسرائیل کرد هێرش بکاتە سەر خاکی عێراق. لە ناوخۆشدا، هەڵوێستە کەنارگیرەکانی ئایەتوڵڵا سیستانی و موقتەدا سەدر ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە دوورخستنەوەی لایەنە شیعییەکان لەو ململانێیە، بەمەش بەرژەوەندیی عێراق بە پارێزراوی مایەوە. بەڵام ئەمجارەیان هاوکێشەکە گۆڕاوە؛ چونکە ئەمریکا خۆی لایەنێکی سەرەکیی جەنگەکەیە، ئەمەش وای کردووە خۆقوتارکردنی عێراق لەم گێژاوە کارێکی زۆر قورس بێت".
د. یاسین تەها ئاماژە بەوە دەکات کە کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران، کە مەرجەعی سیاسی و ڕوحیی بەرەی "وەلائی"یە لە ناوچەكە و جیهان، دۆخەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی بێ گەڕانەوە بە تایبەت كە ئێران لە جەنگی مان و نەماندایە. ئەو دەڵێت: "لایەنگران و پەیڕەوانی ئەم میحوەرە، چ گرووپە عێراقییەکانی ناو حەشدی شەعبی بن یان حیزبوڵڵای لوبنان، ناتوانن لە ئاست ئەم ڕووداوەدا بێدەنگ بن، چونکە ئایەتوڵڵا خامنەیی سەرچاوەی ئیلهام و شەرعییەتی ئەوان بوو. هەر لەم سۆنگەیەشەوە حیزبوڵڵا بە ئاراستەکردنی شەش مووشەک بۆ ئیسرائیل بەرەیەکی نوێی لە باشووری لوبنان کردەوە؛ کارێک کە تەنانەت بۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵاش ئەنجامی نەدا.
هەرەسهێنانی پشتێنەی ئەمنیی ئێران و داهاتووی ڕۆژئاوای عێراق
بەپێی شیکارییەکانی د. یاسین تەها، ئەو پشتێنە ئەمنییەی کە هێزە شیعییەکان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و شەڕی داعش لە ڕۆژئاوای عێراق دروستیان کردبوو بۆ گەیشتن بە سووریا و لوبنان، ئێستا لەبەردەم ئەگەری تێکشکاندنی یەکجاری دایە. ئەو دەڵێت: "دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا، ئەو پردە ستراتیژییەی تاران بە بەیروتی دەبەستەوە لە بەری سووریاوە تێکشکا. ئێستا تەنها بەشە عێراقییەکەی ماوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا و ئیسرائیل کار بۆ تێکشکاندنی ئەو بەشە و بەرتەسککردنەوەی پانتایی هێزە شیعییەکان لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەی قائیم بکەن.
د. یاسین تەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەژموونی شیعی لە ڕۆژئاوای عێراق، کە جاران ئەرکی پاراستنی ڕێڕەوی (تاران-بەیروت) و ڕژێمی ئەسەدی لەسەر شان بوو، ئێستا ئەرکەکەی گۆڕاوە بۆ دروستکردنی شورا و دیوارێکی بەرگری لە بەرامبەر سووریای ژێر دەسەڵاتی "ئەحمەد شەرع"، کە شیعەکان بە پاشماوەی جیهادییە توندڕەووەکان و قاعیدە و داعشی دەبینن، بەڵام وادیارە پێشهاتەكان بەو ئاراستەیە ئەو هێزە شیعەكانە لەو سنوورە بكرێنە ئامانج و ئەگەر زۆرە بە تەواوی دووربخرێنەوە.
سیناریۆکانی داهاتوو: ناوچەی ئەمنی بۆ ئیسرائیل؟
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. یاسین باسی لە دوو گومانی گەورە کرد سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر حەشد لە ڕۆژئاوای عێراق:
_ ئەگەرێک هەیە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ دووبارە باڵادەستکردنەوەی پێکهاتەی سوننە بەسەر ناوچە بیابانییەکانی ڕۆژئاوادا لە پاش بنەبڕكردنی هەژموونی گرووپە چەكدارەكانی شیعە.
_ گومانێکی تر ئەوەیە کە لەو ناوچە کراوەیەی ڕۆژئاوای عێراق، ناوچەیەکی ئەمنی بۆ ئیسرائیل دروست بکرێت. ئەم ناوچەیە هەم ئاسایشی ئوردن و سعودیە دەپارێزێت و هەم دەبێتە ناوەندێکی چاودێریی پێشکەوتوو بۆ ئیسرائیل تاوەکو لە نزیکەوە چاودێری مووشەک و درۆنەکانی ئێران بکات و بۆ پێداویستییە ئەمنییەکانی خۆی بەکاری بهێنێت.