پەنجەرە ژمارەی ئەو کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە لەئێران و رۆژهەڵات بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون
١٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٣٤ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
رێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لانیکەم لە ١٧٧ شاری سەر بە ٢٥ پارێزگای ئێران، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ناوەندە سەربازیی و حکومییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج.
ناوەندە بە ئامانج گیراوەکان بریتین لە بنکەکانی سوپای پاسداران، مەڵبەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سەکۆ موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی ئەرتەش و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.
رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا کوژرانی ٤٤٢٠ کەس لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەت پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان سەر بە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و ئەرتەش بوون. زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.
کوژرانی ٤٨٠ هاووڵاتیی سڤیل لە ١٤ ڕۆژی یەکەمدا
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ڕێژەی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگای هورمزگان بووە. بەپێی بەڵگەکان، بەشێکی زۆری کوژراوەکان قوتابیانی کچی قۆناغی سەرەتاییی قوتابخانەی «شەجەرەی تەیبە» بوون.
جیا لە هورمزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە دەیان ژن و منداڵ لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، کرماشان، فارس، خۆراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبۆرز، ئیلام، مەرکەزی، لوڕستان، ئورمیە و تەورێز تۆمار کراوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، هێزەکانی ئێران بنکەکانیان چۆڵکردووە و لە ناوەندە گشتی و مەدەنییەکانی وەک قوتابخانەکان، بەشەناوخۆییەکان و مزگەوتەکان کە لە ناو جەرگەی گەڕەکە نیشتەجێبووەکاندان جێگیر بوون.
زیانی هێزە سەربازییەکان لە کوردستان
لە ١٤ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکان لە کوردستان بە چڕییەکی زۆرەوە بەردەوام بووە. لە ٣٥ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان (سنە) و ئورمیە، لانیکەم ٢٠٠ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج.
بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، لەم چوار پارێزگایەدا لانیکەم ١٣٠٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکوومییەکان کوژراون. هەروەها لانیکەم ٨٠ هاووڵاتیی سڤیل لەم ناوچانەدا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە شارەکانی ئورمیە، سنە، دیواندەرە، ئەیوان غەرب، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان بوون.