"ڕاپەڕین لە ئێران"؛ ئایا وەکو بژاردەی ئەمەریکا و ئیسرائیل ماوەتەوە؟
١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا گوشار و گورزە سەربازییەکانی سەر ئێران بەردەوامن، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا تاچەند ئەگەری ڕاپەڕینی ناوخۆیی و هەستانی هاوڵاتیان دژ بە رژێمی ئێران وەکو بژاردە ماوەتەوە؟ ئایا ئەمەریکا و ئیسرائیل پشتیوانیی ئەم بژاردەیە دەکەن؟
ئیسرائیل؛ بانگەشەی ڕاپەڕین و پێشبینی "کۆمەڵکوژیی"
بەپێی بروسکەیەکی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە ئاشکرا داوای ڕاپەڕین لە ئێرانییەکان دەکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل بە هاوتا ئەمریکییەکانیان ڕاگەیاندووە کە "ئەگەر ئێرانییەکان بڕژێنە سەر شەقام، کۆمەڵکوژ دەکرێن."
ئیسرائیل پێیوایە ڕژێمی ئێران بە ئاسانی ناڕووخێت و ئامادەیە تا کۆتایی شەڕ بکات، تەنانەت دوای کوژرانی سەرکردە باڵاکانیشیان. هەربۆیە بژاردەی هەستانی خەڵکیی بە بژاردەیەکی خوێناوی دەبینن.
هەڵوێستی ئەمریکا؛ لە گۆڕینی ڕژێمەەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکان
ئیدارەی ئەمریکا، بەتایبەت دۆناڵد ترەمپ، گۆڕانکاری لە تێڕوانینیدا بۆ پرسی ڕاپەڕین دروستکبووە.
ترەمپ کە پێشتر هانی ئێرانییەکانی دەدا دەسەڵات بگرنەدەست، ئێستا دان بەوەدا دەنێت کە هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورسەوە لە شەقامەکانن و ئامادەی تەقەکردنن.
بەرپرسانی واشنتۆن ئێستا زیاتر جەخت لەسەر لاوازکردنی توانای سەربازیی ڕژێمی ئێران دەکەنەوە نەک ڕووخانی ڕاستەوخۆی لە ڕێگەی شەقامەوە.
بەپێی واشنتۆن پۆست، ئەوان پێیانوایە کە بێ چەک بوونی خەڵک لە بەرامبەر سوپایەکی پڕچەک، گەورەترین بەربەستی بەردەم ڕاپەڕینە.
واقیعی ناوخۆ؛ بۆچی شەقام بێدەنگە؟
پێشبینییەکان بۆ ئەوەبوون کە لەگەڵ لێدانی ئێران بە ماوەیەکی کەم، خەڵک لە ڕژێمەکە هەڵدەستێت، بەتایبەته کە هەمووی دوو مانگ نابێت خەڵکی خۆپیشاندانی بەرفراوان و بەهێزیان دژ بە ڕژێم ئەنجامداوە.
بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو، هیچ هەستانێک بەدیی نەکرا. ئەمەش پرسیاری ئەوەی درووستکرد: بۆ؟
شرۆڤەکاران وایدەبینن چەندین کۆسپ هەن کە ڕێگرن لەوەی ناڕەزایەتییەکان بگۆڕدرێن بۆ شۆڕشێکی سەرانسەری.
گەورەترین بەربەست "توانای سەرکوتکردن"ـە. سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج نەک تەنیا ئامادەن، بەڵکو وەک بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلیش ئاماژەی پێ دەکەن، دەستی باڵایان هەیە و لە بەکارهێنانی توندوتیژیی بێبەزەییانە سڵناکەنەوە.
جگە لە لایەنی ئەمنی، ترس لە پاشگەردانی و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سووریا یان لیبیا، وایکردووە بەشێک لە خەڵکی ئێران لە نێوان خراپ و خراپتردا، مانەوەی دۆخی ئێستا هەڵبژێرن.
هەروەها نەبوونی ڕێکخستن و سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆ و دەرەوە، کۆسپێکی تری بەردەم هەر جوڵەیەکی ڕێکخراوە کە بتوانێت سیستەمەکە بگیۆڕێت، چونکە سەرهەڵدانەکان نە دنەدەری ناوخۆیی ڕێکخراویان هەیە، نە پێشەنگ.
لایەنە کوردییەکان کە ڕەنگە ڕێکخراوترینی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بوون، هەر زوو هاوپەیمانێتییەکیان درووستکرد و خۆیان ئامادەکرد بۆ ڕاپەڕین، ئەمەریکاش بەدەمیانەوەچوو. بەڵام نەیانتوانی هیچ هەنگاوێک بنێن بەهۆی مەترسی لە زەبروزەنگی ڕژێمی ئێران و ئەگەری قەتڵوعامی هاوڵاتیان و وێرانکردنی ناوچە کوردییەکان.
ئایا ڕاپەڕین هێشتا بژاردەیە؟
سەرەڕای هەموو ئەم واقیعەش، بەڵام هێشتا ئیسرائیل و ئەمەریکا هیوایان بە ڕاپەڕینی خەڵکیی هەیە.
ئەوان چاوەڕێی ئەوەن فشارەکانی سەر ئەو وڵاتە و بەردەوامی هێرشەکەیان، ببێتە هۆی تەقینەوەیەک. هەربۆیە وەک ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە ئاماژەی پێداوە، ئیسرائیل داوا لە ئەمریکا دەکات ئەگەر ڕاپەڕین ڕوویدا، ئامادەبن بۆ پشتیوانیکردنی.