تۆم باراک بۆڕی نەوتی هەرێمی بەڕووی عێراقدا کردەوە
١٩ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٢٢ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژە بەوەدەکەن پاش زنجیرەیەک پەیوەندی و گوشاری چڕ، تۆم باراک- باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا، توانی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، دەستپێبکاتەوە.
بەپێی سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان، تۆم باراک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی- سەرۆکی هەرێم و مەسروور بارزانی- سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هۆشداریی توندی داوەتە سەرکردایەتی هەرێم کە ئەگەر بەردەوام بن لە ڕەتکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، ڕووبەڕووی ئەنجامی مەترسیدار دەبنەوە، چونکە واشنتۆن دەیەوێت بەم هەنگاوە نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا دابەزێنێت.
لە ئەنجامی ئەو فشارانەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڕیاریدا بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە پڕۆسەی هەناردەی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دەستپێبکات.
هاوکات لەگەڵ فشارەکانی سەر هەولێر، باراک لەگەڵ حکومەتی تورکیاش گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئاسانکاریی و درێژکردنەوەی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی عێراق، ئەمەش وەک هەوڵێکی خێرا بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە کردنەوەی بۆڕییە نەوتەکە، کاریگەرییەکی خێرای دەبێت لەسەر نرخی نەوت و پێشبینی دەکرێت بە بڕی زیاتر لە ٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزێت.
عێراق بەکاریگەریی شەڕی ئێران، هاتوچۆی کەشتییەکانی لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە لێگیراوە، بەمەش جگە لە ١٠ هەزار بەرمیل کە لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئوردن دەینێرێت، هیچ ڕێگەیەکی تری نییە نەوتەکەی هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکات، هەتا ڕێگای بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان- تورکیای بۆ کرایەوە.