ئیمارات لەژێر چەکوشی ئێران دا: بۆچی ئیمارات لەلایەن ئێرانەوە بەچڕی دەکرێتە ئامانج؟
٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٥٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بەگشتی و ئیمارات بەدیاریکراوی بەردەوامە، هێرشەکان شاری دوبەیی پایتەختی وڵاتەکەیان هەژاندووە و زیانی ملیارەها دۆلار و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتیشیان لێکەوتووەتەوە.
هێرشی چڕی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لەکاتێکدایە، تا ئێستا ئەو وڵاتانە کاردانەوەی راستەوخۆیان نەنواندووە و خۆیان لە تێوەگلان لە شەڕەکەدا بەدوور دەگرن.
ئیمارات زۆرترین هێرشی لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەر بەراورد بەو وڵاتانی تری عەرەبی، بەجۆرێک ئێران سەرووی 3700 هێرشی بۆ سەر ئەو وڵاتانە ئەنجامداوە و زۆرترینیان بۆ سەر ئیمارات بووە.
ئیمارات: ئامانجە رەواکەی ئێران
ئیمارات جگە لەوەی ئامانجێکی ئاسان ونیگەرانهێنەرە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، هاوکات ئێران دەیەوێت پانتایی شەڕ فراوانتر بکات و ئەو پەیامە بگەیەنێت لێدان لە وڵاتەکەی یەکسانە بە گڕگرتنی ناوچەکە.
هێرشکردنە سەر ئیمارات بەلای ئێرانییەکانەوە ئامانجێکی رەوایە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە واژۆکەری ئاینی ئیبراهیمییە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووەتەوە.
ئیمارات لە ساڵی 2020 لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، رێککەوتنی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کرد و لەوکاتەوە کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووریی و هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکات.
شرۆڤەکاران دەڵێن، بێدەنگی ئیمارات لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە هێندەی تر زوومی ئێرانییەکانی خستووەتە سەر ئەو وڵاتە.
ئیمارات شانازی بە ئابووریی و سەقامگیریی و ئەو هەموو گەشتیارەوە دەکات کەڕوو لە دوبەی دەکەن، بەڵام هێرشەکانی ئێران شانازییەکانی کردووەتە ئامانج و پایتەختەکەی لە پایتەختێکی سەقامگیرەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ گۆڕیووە.
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، دیوێکی تری هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات جۆرێکە لە فشار، بۆ ئەوەی لەرێگەی پەیوەندییەکانییەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و سنوردارکردنی بارگرژییەکان بدات.
کەنداو: خۆ بەدوورگرتن لە شەڕ
وڵاتانی کەنداو دەمێکە خۆیان لەکێشمەکێشی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەدوور دەگرن، بەڵام ئێستا کەوتوونەتە ئەو دۆخەوە کە چەند دەیەیەکە لێیدەترسن ئەویش ململانێی راستەوخۆی ئێرانە.
سەرباری هەبوونی سەرباز و پێگەی سەربازیی ئەمەریکا لە وڵاتانی کەنداو، بەڵام ئەم چەترە ئەمنی و سەربازییانە نەبوونەتە هۆی بەدوورگرتنی کەنداو لە هێرشەکانی ئێران.
نزیکایەتی لەگەڵ ئەمەریکا وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانجی ئێران، لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە ئەنجومەنی پاراستنی وڵاتانی کەنداویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران دروستکردووە، بەڵام ئەنجومەنەکە هیچی بەرامبەر هەڕەشەکان پێنەکراوە.
تا ئێستا کاردانەوەی وڵاتانی کەنداو لەبەرامبەر هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران چوارچێوەی ئیدانە و هەڕەشەیان بۆ وەڵامدانەوەی راستەوخۆ تێنەپەڕاندووە، بەوپێیەی ترسیان لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و زیانی گەورەتر هەیە.
ئیمارات بەراورد بە وڵاتانی کەنداو خاوەنی پیشەسازی بەرگریی و هێزی توانادارە بۆ ئۆپەراسیۆن، بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی هاوشێوەی تیرۆر و هێرشی ئەلیکترۆنی سودیان لێدەبینێت، نەک بۆ چوونە نێو شەڕی مەترسیداری هاوشێوەی ئێران.