ئەگەری داگیرکردنی خارگ؛ ئەمەریکا شادەماری نەوتیی ئێران دەگرێت؟

٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٥٨ پێش نیوەڕۆ

ئەگەری داگیرکردنی خارگ؛ ئەمەریکا شادەماری نەوتیی ئێران دەگرێت؟

پەنجەرە

سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوەدەکەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە جدیی تاوتوێی بژاردەی داگیرکردن یان گەمارۆدانی دوورگەی خارگی ئێرانی دەکات؛ ئەو دوورگەیەی کە بە شادەماری ئابووریی و وزەی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.


ئامانجەکە چییە؟

سەرچاوەکان بۆ پێگەی "ئەکسیۆس" ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ پێیوایە ناتوانێت کۆتایی بە شەڕی ئێستا بهێنێت بەو مەرجانەی کە خۆی دەیەوێت، تاوەکو باڵادەستی و قۆرخکاریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا نەشکێنێت. هەربۆیە ئامانجی سەرەکی لە کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ، ناچارکردنی تارانە بۆ کردنەوەی گەرووەکە و کۆتاییهێنان بەو قەیرانە وزەیەی کە جیهانی گرتووەتەوە.

دوورگەی خارگ، کە تەنها ١٥ میل لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە، شوێنی هەناردەکردنی ٩٠٪ـی نەوتی خاوی ئێرانە. کۆنترۆڵکردنی ئەم خاڵە ستراتیژییە وەک کارتی فشارێکی کوشندە دەبینرێت لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا.


ئامادەکارییە سەربازییەکان و هێرشە بەراییەکان

ئەگەر بڕیارە ئەمەریکا دوورگەکە داگیر بکات، ئەوا دەبێت هێزی مرۆیی بۆ بنێرێت، ئەمەش تائێستا ڕووی نەداوە.  
پێش ئەم هەنگاوە، واشنتۆن ستراتیژی لاوازکردنی پەیڕەو کردوە، کاتێک لە ١٣ـی ئاداردا فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشێکی چڕیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ناو دوورگەکە.

لە ئێستادا سێ یەکەی هێزی مارینز بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون و وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) تاوتوێی ناردنی هێزی زیاتر دەکات. ئەمەش بە ئاماژەی نیازی ئەمەریکا بۆ داگیرکردنی دورگەکە لێکدەدرێتەوە.


لێکەوتە مەترسیدارەکان؛ ئایا ئەمە تەڵەیە بۆ ئەمەریکا؟

مەترسییەکە لەوەدانییە کە ئەمەریکا دەتوانێت دوورگەکە بگرێت یان نا، بەڵکو لەپاش گرتنی دوورگەکەیە. چونکە گرتنەکەی چەندین لێکەوتەی دەبێت.

گرنگترینی ئەو لێکەوتانەش، فڕینی زیاتری نرخی نەوتە. چونکە هەر پەککەوتنێکی هەناردەی خارگ دەبێتە هۆی شۆکێکی گەورە لە بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەکان.

هاوکات گرتنی شادەماریی نەوتیی ئێران، پێناچێت لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە ئاسانیی تێپەڕێت، بەڵکو ئەویش پەرچەکرداری دەبێت، یەکێک لە کاریگەرترین پەرچەکردارەکانیش داخرانی تەواوەتی گەرووی هورمزە، کە ئەمەش هێندەی تر بازاڕی وزە و نەوت شۆکاویی دەکات.

بەگشتی هەنگاوی داگیرکردنی خارگ، ڕەنگە لەڕووی کردەییەوە بۆ ئەمەریکا بەدییبێت لەژێر ڕۆشنایی ئەو باڵادەستییە سەربازییەی هەیەتی بەسەر ئێرانەوە، بەڵام لێکەوتەکانی گەورە و کاریگەر دەبن. بۆیە لەم نێوەندەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆک کە فەرمانی داگیرکردنی زەمینی خاکی ئێران بدات، یان ئەمە تەنها فشارێکی دەروونییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بەتایبەتی لەبارەی گەرووی هورمزەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو