"تێکشکانی ناوبانگی ئەفسانەکە"؛ وردەکاریی پێکانی فڕۆکەیەکی F-35 لە ئێران
٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٥٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا کە ناوەندە سەربازییەکانی لە جیهاندا هەژاندووە، فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی ئەمەریکی لە جۆری (F-35A Lightning II) لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی جەنگی لە ئاسمانی ئێراندا پێکرا.
ئەم ڕووداوە بە گەورەترین ئالەنگاریی سەربازی بۆ واشنتۆن دادەنرێت، چونکە ئەوەی پێکراوە، فڕۆکەیەکە کە بە ئەفسانەی جەنگیی و قەڵغانێک ناودەبرا کە پێکرانی ئاستەمە.
وردەکاریی ڕووداوەکە
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانە فەرمییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (CENTCOM)، لە ١٩ـی ئاداری ٢٠٢٦، فڕۆکەیەکی جۆری F-35A کە سەر بە هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، لە کاتی فڕین بەسەر ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێراندا، دوچاری پێکانێکی ڕاستەوخۆ بووە.
سێنتکۆم پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەکە بەهۆی "تەقەی زەمینییەوە" زیانی پێگەیشتووە و ناچار بووە نیشتنەوەیەکی فریاگوزاریی لە یەکێک لە بنکە ئاسمانییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات.
وتەبێژی فەرماندەییەکە ڕایگەیاند: "فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتووەتەوە و بارودۆخی فڕۆکەوانەکە جێگیرە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە قەبارەی زیانەکان بەردەوامە."
لەبەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران بە شانازییەوە بەرپرسیارێتی پێکانی فڕۆکەکەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند، کە لە ڕێگەی "سیستەمێکی نوێی بەرگریی ئاسمانییەوە" توانیویانە فڕۆکە بپێکن.
شۆکە گەورەکە؛ چۆن نەبینراوەکە بینرا؟
ئەم پێکانە تەنها ڕووداوێکی سەربازیی نییە، بەڵکو شکستێکی تەکنەلۆژییە بۆ پیشەسازیی سەربازیی ڕۆژئاوا. چونکە فڕۆکەکە بەوە ناسراوە کە شەبەحییە و ناتوانرێت بە ڕادار ببینرێت و کەشف بکرێت.
ئێف ٣٥، بە تاجی هەموو فڕۆکە جەنگییەکان ناودەبرێت، ئەو لە ئەرکە سەربازیی و توانا تەکنەلۆژییەکاندا، سەرتۆپی هەموو فڕۆکەکانە. بەو واتایەی، حاڵی حازر فڕۆکەیەک لە ئاسماندا نییە لەو بەهێزتر و پێشکەوتوو تر.
شیکەرەوە سەربازییەکان دەڵێن ئێران لە ڕێگەی چەند ستراتیژییەکەوە توانیویەتی فڕۆکەکە بپێکێت.
یەکێک لەوانە، ڕاداری فرە چینە. بەو مانایەی ئێران تەنها پشتی بە یەک ڕادار نەبەستووە، بەڵکو سوودی لە ڕاداری "قەدیر" و "فەلەق" وەرگرتووە پێکەوە، کە بە شەپۆلی لەرەلەر نزم کار دەکەن. ئەم جۆرە ڕادارانە دەتوانن "شڵەژانی هەوا" دەستنیشان بکەن کە فڕۆکە شەبەحەکان دروستی دەکەن، تەنانەت ئەگەر ڕادارە ئاساییەکان نەیانبینن. هاوکات سیستەمی "باوەر ٣٧٣"ـیشی تێکەڵکراوە کە تیایدا موشەکی "سەیاد 4B" بەکارهاتووە بۆ لێدان لە فڕۆکەکە.
تایبەتمەندیی ئێف ٣٥ ئەوەیە کە شەبەحییە، بەو مانایەی کاتێک تیشکی ڕاداری بۆ دەچێت بۆ ئەوەی بیدۆزێتەوە، تیشکەکە پەرت دەکات، هەربۆیە کەشف نابێت و ناناسرێتەوە. بەڵام شارەزایان دەڵێن فڕۆکەکە ئەگەرچی لە ڕادار ونە، بەڵام گەرمییەکی زۆر لە بزوێنەرەکەیەوە دەردەچێت. ئێران سیستەمی هەستیاری گەرمی و بینینی پێشکەوتووی بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکە بەبێ بەکارهێنانی ڕادار. گومانی زۆریش دەکرێت لەمڕووەوە سوودی لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی چینی و ڕوسی وەرگرتبێت.
مانا و مەغزاکانی ئەم ڕووداوە
ئەم ڕووداوە چەندین پەیامی سیاسی و سەربازیی قووڵی لەسەر ئاستی جیهانی لێ دەخوێنرێتەوە.
گرنگترینی ئەو پەیامانەش، کۆتاییهاتنی ئەفسانەی F-35ـە، چونکە ئەو فڕۆکەیەی کە دەوترا نابینرێت، ئەوەتا نەک بینراوە، بەڵکو پێکراویشە. ئەمەش فشارێکی گەورە دەخاتە سەر کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" کە فڕۆەکە درووستدەکات و متمانەی ئەو وڵاتانە لاواز دەکات کە ملیارەها دۆلاریان لە وەبەرهێنان تێیدا خەرجکردووە.
لەلایەلکی ترەوە پێکانی F-35 بەو مانایەیە کە ئێران یان هاوپەیمانەکانی وەک ڕوسیا و چین، گەیشتوونەتە تەکنەلۆژیایەک کە دەتوانێت "قەڵغانی نادیاری" ئەمریکا ببڕێت. ئەمەش دەسەڵاتی ئەوان لە بەرگریی ئاسمانییدا بەهێز دەکات.
گەورەترین ترسی واشنتۆن لە ئێستادا ئەوەیە کە ئێران بتوانێت پاشماوەی لاشەی فڕۆکە پێکراوەکە بەدەستبێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی نهێنییەکانی فڕۆکەکە کە بە گرانبەهاترین نهێنی سەربازیی ئەمەریکا دادەنرێت.