چارەنوسی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە چوار سیناریۆیەوە بەستراوەتەوە
٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٩:٠١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران دا، خەریکە شێوازی هێرش و ململانێکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بۆیە چارەنوس و ئاقاری شەڕەکە بە چوار دۆسیەوە گرێ دەدرێتەوە.
چارەنوسی گەروی هورمز
داخستنی گەروی هورمز بەڕووی ئابووری جیهاندا دیارترین لێکەوتەی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە، بۆیە ئاسایی بوونەوەی هاتوچۆی دەریایی و گێڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش قۆناغی جەنگ، یەکێکە لە گرفتە گەورەکان کە یەخەی جیهانی گرتووە.
ئێران بەردەوامە لە رێگرییەکانی لە تێپەڕینی کەشتییەکان بە گەروی هورمزدا و بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، مینی دەریایی دژی هەندێک کەشتی بەکار دەهێنێت، ئەمەش هاتووچۆی دەریایی پەکخستووە و ئاستەنگی ئابووری بۆ جیهان دروستکردووە.
نزیکەی 20% ی نەوتی جیهان بە گەروی هورمزدا تێپەڕدەبێت، بۆیە تا گەروەکە بە داخراوی بمێنێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا ناتوانێت سەرکەوتن رابگەیەنێت و کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەم خواستەشی هەبێت.
هێزی زەمینی ئەمەریکا
ناردنی هێزی زەمینی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە و سنورەکانی ئێران، بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە رەوتی شەڕەکەدا دادەنرێت، بۆیە چاوەکان لەسەر ئەم هەنگاوەی ئەمەریکان.
ئەمەریکا ژمارەیەک سەربازی سەر بە هێزی دەریایی بۆ ناوچەی کەنداو رەوانە کردووە، بەڵام هێشتا هیچ جموجۆڵێکی بە ئاراستەی دەستپێکردنی لەشکرکێشی زەمینی ئەنجام نەداوە.
ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ نێو دامەزراوە ژێر زەمینییە ئەتۆمییەکانی ئێران، بۆ دەستبەرسەرداگرتن و بردنی کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران وەکو سیناریۆیەک باس دەکرێت.
ئەمە جگە لەوەی بەکارهێنانی هێزی زەمینی ئەمەریکا بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و ناچارکردنی ئێران بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، بەیەکێکی تر لە ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان لێیدەڕوانرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی دەست بەسەردا گرتنی دوورگەی خارگ دەکات، کە 90% ی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بەم دوورگەیەدا تێپەڕ دەبێت، پێدەچێت ئەمەش فشار بێت بۆ ناچارکردنی ئێران بە کردنەوەی هورمز.
کۆگا ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەر لەسەرەتاوە بەشێکبوو لە بانگەشەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەوەی رەوایەتی بە هێرشەکانی بدات، هەروەها لەمیانی شەڕی 12 رۆژەشدا ژێرخانی ئەتۆمی ئێرانیان بۆردومانکرد.
هەرچەندە تواناکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم راگیراون، بەڵام لەئێستادا مشتومڕ لەسەر بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە ئەمەریکا دەیەوێت لەرێگەی شەڕ یان ئاشتییەوە لەچنگی ئێران دەریبهێنێت.
ئامانجە راگەیەنراوەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێران، بریتین لە پشتگیری نەکردنی ئێران لە هێزە میلیشیاکانی ناوچەکە و لەناوبردنی توانا دەریایی و موشەکییەکانی ئێران.
سەرکردایەتی نوێی ئێران
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دا، موجتەبا خامنەیی پۆستی رابەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەرگرت، لەکاتێکدا دەستنیشانکردنی موجتەبا لەلایەن ترەمپەوە رەتکرایەوە.
بەئامانج کردنی موجتەبا خامنەیی بە بەشێک لە پلان و ئەجێندای نوێی ئیسرائیل دادەنرێت، بەتایبەت دوای کوژرانی عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی.
دوای کوژرانی عەلی لاریجانی و خۆشاردنەوەی موجتەبا خامنەیی، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەڵێن نازانن کێ بڕیاردەری ئێستای ئێرانە، لەکاتێکدا ئێران دەسەڵاتە سەربازییەکانی بەسەر فەرماندەکاندا دابەشکردووە.
لەکاتێکدا زەمینەخۆشکردن بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران یەکێکبوو لە پلانەکانی ئیسرائیل، بەڵام ئەجێندای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ داهاتووی ئێران ناڕوونە، ئەگەرچی سەرەتا داوای راپەڕینی لە گەلی ئێران کرد.