دژ بەیەکی گوتار و جوڵەکان؛ ترەمپ مانۆڕ دەکات و ئێران ناوەندی بڕیاردان لەدەست دەدات

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٥٧ پێش نیوەڕۆ

دژ بەیەکی گوتار و جوڵەکان؛ ترەمپ مانۆڕ دەکات و ئێران ناوەندی بڕیاردان لەدەست دەدات

پەنجەرە

لەکاتێکدا شەڕی نێوان ئەمەریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە مانگێک نزیک دەبێتەوە، گوتارەکانی سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئێران دژ بەیەکییان پێوە دیارە، لەکاتێکدا ئەوەی ترەمپ بۆ تاکتیک و ئەوەی بەرپرسانی تاران بۆ گوزارشت کردن لە ناکۆکی نێوخۆیی دەگێڕدرێتەوە.

ناکۆکی نێوان نێوان ئەمەریکا و ئێران گۆڕەپانی سەربازیی بۆ نێو بڕیاری سیاسی تێپەڕاندووە، بۆیە دژ بەیەکی گوتاری سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی تاران ئەو پرسیارەی دروستکردووە، ئایا جیاوازییەکان دەرئەنجامی سەرلێشێواوین یاخود بەشێکن لە ستراتیژی بەڕێوەبردنی شەڕ؟

زۆرجار سەرۆکی ئەمەریکا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە خێرا گۆڕانکاری لە هەڵوێست و گوتارەکانیدا روودەدات و تا رادەی ئەوەی متمانەی پێناکرێت تۆمەتبار دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی گوتارەکانی لە هەڕەشەکردنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران گۆڕا بۆ گفتووگۆ و دانوستان.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، جیاوازتر لە گوتارە دژ بە یەکەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەڕوانن و پێیانوایە، ئەمە بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ لەڕووی ئابووریی و سەربازییەوە، لەکاتێکدا دەستبەرداری پلانە جیۆ-ستراتیژی و ئامانجە سەربازییەکانی نەبووە.

چاودێران دەڵێن، لێدوانەکانی ترەمپ کە بەڕواڵەت دژ بەیەکن، بەشێکن لە تاکتیکی فریودان و ئامانج لێی چەواشەکردنی نەیارەکانیەتی یاخود بەڕێوەبردنی قەیرانی ئابووریی و رێگرتنە لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەکاتی شەڕدا.

گوتارە میدیاییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا خێرا کاریگەریی لەسەر بازاڕ و نرخی وزە دروست دەکەن، بۆیە ترەمپ لەرێگەی گوتاری رێککەوتن و هێورکردنەوەی بارگرژییەکانەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی نرخی وزە و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی دەدات، بۆیە ئەمە بە بەشێک لە مانۆڕ و یاریکردن دادەنرێت.

هەوڵەکانی ترەمپ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە رێگەی میدیاوە لەکاتێکدایە رژدە لەسەر هەنگاوە سەربازییەکانی، بەشێکە لەو ترسەی هەیەتی لە هەڵاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی وزە، بۆیە دەیەوێت لەیەککاتدا باڵانس لەنێوان هەردوو کەرتەکەدا رابگرێت.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، هەبوونی جیاوازی لە گوتاری بەرپرسانی سەربازیی و سیاسی ئێران جیاوازترە و بەشێک نییە لە مانۆڕ و یاریکردن، بەڵکو دەرئەنجامی بوونی ململانێێیە لەنێو ناوەندی بڕیاردانی ئەو وڵاتەدا.

دوای لەدەستدانی زۆربەی فەرماندە سیاسی و سەربازییەکانی بەدرێژایی چوار هەفتەی رابردوو، زیاتر سوپای پاساداران بەسەر گۆڕەپانەکەدا باڵادەست بووە، ئەمەش لاوازی لەسەر ئاستی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن دا دروستکردووە.

لەکاتێکدا بەرپرسانی سیاسی ئێران خوازیاری هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و کەمکردنەوەی بارگرژییەکانن، بەڵام ئاراستەی جوڵەی سوپا جیاوازترە و ئەمەش قەیرانی چۆنیەتی مامەڵە کردنی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بۆ رۆژئاوا دروستکردووە.

هەندێک لایەنی ئێرانی دەیانەوێت کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بپارێزن و پەراوێزێک بۆ دانوستان بهێڵنەوە، بەڵام لایەنی سەربازیی وڵاتەکە متمانەی بە بەڵێنی رۆژئاوا نییە و هەست بە مەترسی دەکات لەسەر داهاتووی رژێمەکە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو