عێراق لەنێوان بەرداشی ئێران و ئەمەریکادا؛ ئایا جەنگ عێراق دەگۆڕێت یاخود زیاتر بەرەو لای ئێران دەیبات؟
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٥٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تێوەگلانی میلیشیا شیعەکانی عێراق لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، بە کاریگەری راستەوخۆی شەڕی نێوان ئێران- ئەمەریکا لەسەر دۆخی عێراق دادەنرێت.
شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکا ماوەی نزیکەی مانگێکە بەردەوامی هەیە، بۆیە لە ئێستاوە ئەو پرسیارە دروست دەبێت، لێکەوتەکانی شەڕ عێراق بەرەو وڵاتێکی نوێ دەبات یاخود زیاتر بەرەو لای ئێران پاڵی پێوە دەنێت؟
عێراق و ئێران؛ یەک پاکێجی سیاسی و سەربازیی
عێراق و ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو یەک پاکێج لێیان دەڕوانرێت، بۆیە میلیشیا شیعەکانی وابەستەی ئێران کران بەبەشێک لە شەڕەکە و هێرشی ئاسمانی چڕ بۆ سەریان دەستیپێکرد.
میلیشیا شیعەکانیش تەماشاکەر نەبوون بەرامبەر بەو هێرشانەی کرانە سەر ئێران، بەڵکو هێرشی موشەکی و درۆنییان بۆ سەر هەرێم و ناوەندە سەربازیی و دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا دەستپێکرد.
بەرپرسانی حکومەتی عێراقیش هەرچەندە هەوڵیاندا عێراق بەدوور بگرن لەو شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڵام بێلایەنییان تا سەر نەبوو، بۆیە وەڵامدانەوەی هێرشەکانیان بۆ خودی حەشد بەجێهێشت.
بەمپێیە عێراق بووە بەشێک لەو شەڕەی ناوچەکەی گرتەوە، هەرچەندە لەلایەن ئێران و ئەمەریکاوە بە شێوازی جۆراو جۆر هێرشی دەکرێتە سەر.
لەلایەک ئێران و میلیشیاکان چالاکی لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دەدەن و بۆ هێرشکردن بەکاری دەهێنن، لەلاکەی تریش ئابووری عێراق گرفتاری دەست داخستنی گەروی هورمزە، ئەمە جگە لەوەی هێرشی چڕی ئەمەریکاش بۆ سەر ئەو هێزانە بەردەوامە کە بەشێکن لە سیستەمی بەرگریەکەی.
داهاتووی عێراق لەنێوان نوێبوونەوە و چەقبەستووییدا
لەکاتێکدا شەڕ ناوچەکەی ئاڵۆزکردووە و پریشکی ئاڵۆزییەکان بەچڕی عێراقیان گرتووەتەوە، بەڵام هێشتا حکومەتی نوێی عێراق پێکنەهێنراوە و وادەی لەداکیبوونیشی دیار نییە.
بەڕای چاودێران، دۆخی عێراق بە ئەنجامی شەڕی نێوان ئێران- ئەمەریکاوە پەیوەستە، بەوەی گەر ئێران بە سەلامەتی لە دۆخەکە دەربازی ببێت و کاریگەری لەسەر عێراق بمێنێت، ئەوا نوری مالیکی و هێزە شیعەکان جارێکی تر بۆ سەر شانۆی سیاسی دەگەڕێنەوە.
لەکاتێکدا ئەگەر ئەنجامی شەڕەکە لەبەرژەوەندی ئێران نەبێت و مل بۆ خواستەکانی ئەمەریکا بدات، کە دەستبەرداربوون لە میلیششیا شیعەکانی ناوچەکە یەکێکە لە مەرجەکان، ئەوا دۆخی عێراق بەجۆرێکی تر دەبێت.
هەرچەندە پێشتر محەمەد شیاع سودانی وەکو کەسایەتییەکی دڵخوازی ئەمەریکا لێیدەڕوانرا، بەڵام شەڕ ئایندەی سیاسی ئەویشی خستووەتە بەردەم دۆخێکی نادیارەوە، بەوپێیەی گرفتاری دەست چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە ئاڵۆز ونوێیە بووە.
هاوکات لەگەڵ کێشمەکێشی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە ناوچەکە و لێکەوتەی لەسەر عێراق، پێناچێت ئێران لە ئەگەری مانەوەیدا دەست لە عێراق هەڵبگرێت بەو پێیەی بە سەنگەری پێشەوەی وڵاتەکەیی دایدەنێت و شوێنە پیرۆزەکانی شیعەشی تێدایە.
بۆیە داهاتووی عێراق لەسەر ئاراستەی ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەوەستێتەوە، بەوەی وڵاتەکە لەژێر چەپۆکی ئێران دا دەمێنێتەوە یاخود خۆی دەرباز دەکات و ئەو رێگەیە دەگرێتە بەر کە لوبنان هەڵیبژارد.
لوبنان
بەدرێژیی چەندین ساڵ لوبنان لەرێگەی حیزبوڵاوە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکرابوو، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد و چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل، لەئێستادا دۆخێکی نوێ لەو وڵاتە هاتووەتەوە ئاراوە.
لوبنان کە پێشتر گیرۆدەی دەست ژێر دەستەیی ئێران بوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی لاوازبوونی حیزبوڵاوە هەوڵی خۆ رزگارکردن دەدات، بەڵام دووری ئەو وڵاتە لە ئێران لەڕووی جوگرافییەوە وایکردووە ئاسانتر خۆ رزگارکردنی بۆ بچێتە سەر بەراورد بە عێراق.
دوێنێ سێشەمە، لوبنان هۆشداری بە تاراندا سەبارەت بە دەستوەردانەکانی لەکاروباری وڵاتەکەی، هەروەها داوای لە باڵیۆزی ئێرانیش کرد تا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت.
حیزبوڵای لوبنان دەرکردنی باڵیۆزی ئێرانی بە تاوانێکی گەورە وەسفکرد و رۆیشتنی باڵیۆزیان رەتکردوە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکانی لوبنان پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد و هاوڕان لەگەڵ هەنگاونانی وڵاتەکەیان بە ئاراستەیەکی نوێی سیاسی.