شاری موشەکی یەزد؛ ئەو شارە موشەکییەی لە قوڵایی شاخدا بونیاتنراوە و بەناوچەی گەشتیاری رووپۆش کراوە
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٥٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی پێگە سەربازییەکانی ئێران، نهێنی نوێی لەبارەت ژێرخانی سەربازیی ئێرانی ئاشکرا کرد، بەجۆرێک پەردە لەسەر دەیان شوێن و کۆگای موشەکی و تۆڕێک تونێل و ئەو شوێنانەی کە بە "شارە مووشەکییەکان" ناسراون هەڵماڵران.
نهێنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەشی زۆری بودجەی ئێران لەبری ئەوەی بۆ ژێرخانی ئابووریی و پەروەردە و چاودێری تەندروستی تەرخان بکرێت، نزیکەی ٥٠ ساڵە بۆ پرۆژە سەربازییە نهێنییەکان خەرجکراون.
شوێنە موشەکییەکان دەکەونە دەوروبەری تاران، خورەم ئاباد، کرماشان و باشووری ئێران ، هەروەها شاری موشەکی یەزد کە ئێستا زوومی ئەمەریکا و ئیسرائیلی لەسەرە بە یەکێک لە پرۆژە سەربازییە گرنگەکان دادەنرێت.
گەورەترین گرفت لەوەدایە ناوچە موشەکییەکان نزیکن لە ناوەندی شارەکانەوە و کاریگەرییان لەسەر ژینگە و ژیانی خەڵک دەبێت، بەتایبەت شاری موشەکی یەزد نزیکە لەناوچەیەکی گەورەی گەشتیارییەوە.
ئەم شارە موشەکییە ٥٠٠ مەتر لە ژێر زەویدایە و لەناو شاخێکی سەختدایە، کە ژێر زەمینی ئاڵۆز و تونێلی قوڵ لە خۆ دەگرێت، هەروەها هێڵی گواستنەوەشی بۆ گواستنەوەی موشەک تێدا بونیاتنراوە.
شاری موشەکی
پرۆژە سەربازییەکانی سەر بە سوپای پاسداران، لەوانە شارە موشەکییەکان لە سەرانسەری ئێراندا بونیاتنراون و بە نهێنی هێڵراونەتەوە.
سەبارەت بە قۆناغە سەرەتاییەکانی بونیاتنان و میکانیزمی کارکردن و تەواوکردنیان زانیاری ورد لەبەردەستدا نییە.
دامەزراندنی پرۆژەی شاری موشەکی یەزد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەوکات ئەم پرۆژەیە بە پارکێکی گەورە و ناوچەیەکی گەشتیاریی و پشتێنەی سەوزایی رووپۆشکرا.
ئەم پارکە دەریاچەیەکی دەستکرد و شوێنی کات بەسەربردن و کابینەی گەشتیاریی تێدایە و لە بناری شاخەکانی یەزد دروستکراوە، هەر لەو شوێنەدا فەیلەقێکی سوپا جێگیر کراوە.
ئەم فەیلەقە بەرپرسە لە فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم یەکەکانی بەسیج و سوپای پاسداران لە پارێزگای یەزد.
دروستکردنی شاری موشەکی و دامەزراندنی ناوچەیەکی گەشتیاریی لە نزیکی، بەشێکە لە پلانە ستراتیژییەکانی ئێران بۆ شاردنەوەی پرۆژەی سەربازیی لە کەوڵی پرۆژەی گەشتیارییدا.
ئەمەش دروستکردنی ڕێگا و جێگیرکردنی ئامێر و کۆکردنەوەی سەدان کرێکار و ئەندازیار لە شوێنەکەدا ناخاتە ژێر گومانەوە، واتە دەچێتە چوارچێوەی بەکارهێنانی قەڵغانی مرۆییەوە بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای سەربازیی.
تایبەتمەندیی شاری موشەکی یەزد
ناوچە موشەکییەکانی یەزد کە کراوەتە ئامانج و زۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێت، دەکەوێتە باشووری شارەکە و لە نێو قوڵایی شاخدا لە تۆڕێکی پڕ لە تونێل پێکدێت.
شارە موشەکییەکە بەجۆرێک دروستکراوە لەژێرەوە هاوشێوەی تۆڕی میترۆیە، دەتوانرێت بۆ پرۆسە سەربازییەکان سودی لێببینرێت و بەشە جیاوازەکانی پێکەوە بەستراونەتەوە.
بەمپێیە گواستنەوەی موشەک و ناردنی بۆ سەر سەکۆکان، هەروەها خێرا گەیاندنی موشەکەکان بە دەروازەکان، لەگەڵ هەڵدان و گەڕانەوەی سەربازەکان بەخێرایی بۆ قوڵایی شارە موشەکییەکە بە وردی رەچاو کراوە.
شارە موشەکییەکە بەجۆرێک دروستکراوە بەلێدانی راستەوخۆ زۆر زیانی پێناگات، یاخود بەجۆرێک بونیاتنراوە کارکردن لەژوورەوە بەردەوامی دەبێت تەنانەت گەر دەروازەکانیشی بکەوێتە بەر هێرش.
پرۆژەی موشەکی ژێر زەمینی هاوشێوەی یەزد کە لەژێر شاخێکی بەردەڵانی سەختتدا هەڵکەنراوە، تێچوو و کاتی زۆر دەوێت، ئەگەرچی زانیاری ورد لەبارەی کات و تێچووەکەی لەبەردەستدا نییە.