پسپۆڕێکی ئاو: دەبێت شەپۆلەکانی باران وەک دەرفەت بقۆزرێتەوە

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠١ پێش نیوەڕۆ

پسپۆڕێکی ئاو: دەبێت شەپۆلەکانی باران وەک دەرفەت بقۆزرێتەوە

پەنجەرە

د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت، پسپۆڕی بواری ئاو و ژینگە، ئاماژە بەوەدەکات ئەو بڕە زۆرەی باران کە لەم چەند ڕۆژەدا باریوە، وەک چۆن مەترسییە، بە هەمان شێوە دەکرێت بکرێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ پاراستنی سامانی ئاو.

د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت، کە مامۆستایە لە زانکۆی گەرمیان، ئاماژەی بەوە کرد نموونەی بارانبارینی ئەمساڵ گۆڕانکارییەکی ڕادەبەدەری بەخۆیەوە بینیوە؛ بە جۆرێک دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر بێبارانیدا، تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەقەد "نیو وەرز" باران باریوە و ڕێژەکەش لە زیادبووندایە.

ئەو پسپۆڕە هۆشدارییدا کە وەک چۆن وشکەساڵی زیان بە سیستەمی ژینگەیی دەگەیەنێت، بە هەمان شێوە بارانی بەخوڕ و زیاد لە پێویستیش کاریگەریی نەرێنی هەیە. وتیشی: "زۆریی دابارین دەبێتە هۆی ڕاماڵینی خاک، تێکدانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، تێکدانی ڕێڕەوە ئاوییەکان و هەندێکجاریش زیانی گیانی لێ دەکەوێتەوە."

سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دیاردەیە، د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت جەختیکردەوە کە دەبێت ئەم ناڕێکییە لە دابارین وەک دەرفەتێک بقۆزرێتەوە. 

پێشنیازی کرد کە لە داهاتوودا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بدەن پۆند و بەنداوی بچووک بەتایبەتی لەسەر "چەمە وەرزییەکان" دروست بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی "دروێنەی ئاوی باران".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو پسپۆڕەی ئاو و ژینگە پەیامێکی گرنگی ئاراستەی لایەنەکان کرد و وتی: "هەر دڵۆپێک ئاو نرخی خۆی هەیە و نابێت ڕێگە بدرێت هاوشێوەی ئێستا بەفیڕۆ بچێت، بەڵکو دەبێت بۆ ئایندە کۆبکرێتەوە و سوودی لێ ببینرێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو