"بوشەهر" لەژێر هێرشی موشەکەکاندا؛ ئایا "چێرنۆبڵ" دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠٢ پێش نیوەڕۆ

"بوشەهر" لەژێر هێرشی موشەکەکاندا؛ ئایا "چێرنۆبڵ" دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟

په‌نجه‌ره‌

وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر، کە وەک "بڕبڕەی پشتی" وزەی ئەتۆمیی مەدەنی ئێران دادەنرێت، لەم شه‌ڕه‌دا دۆخی ئارام تێنه‌په‌ڕی، به‌ڵكو کەوتە ناو جەرگەی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە. بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، دەوروبەری ئەم وێستگە ستراتیژییە لە دوو کاتی جیاوازدا کراوەتە ئامانج، ئەمەش وایکردووە چاوی جیهان بچێتە سەر سەلامەتیی ئەم دامەزراوەیە و ئەو مەترسییانەی کە ڕەنگە لە ئەنجامی هەر زیانێکی تەکنیکییەوە ڕووبدەن.

وردەکاریی هێرشەکان

وێستگەی بوشەهر ڕووبەڕووی دوو هێرشی ئاسمانی بووەتەوە کە دراونەتە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل. هێرشی یەکەم (١٧ی ئاداری ٢٠٢٦) ڕوویدا، تیایدا موشەکێک لە نزیکەی ٣٥٠ مەتری ناوەندی وێستگەکە کەوتە خوارەوە و بووە هۆی وێرانبوونی باڵەخانەی کەشناسیی وێستگەکە، بەڵام زیانی بە مفاعلە سەرەکییەکە نەگەیاند.

هێرشی دووەم (٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦)، ناوچە کراوەکانی دەوروبەری وێستگەکەی پێکا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پشتڕاستی کردەوە کە هیچ زیانێکی تەکنیکی یان مرۆیی لەناو وێستگه‌كه‌دا ڕووی نەداوە، بەڵام هۆشدارییدا کە هەر پێکدادانێک لەو ناوچەیەدا پەرەسەندنێکی مەترسیدارە. ڕووسیاش، کە هاوبەشی سەرەکییە لە کارپێکردنی وێستگەکەدا، ناڕەزایەتی توندی دەربڕی و ئەم هێرشانەی بە هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتیی نێودەوڵەتی ناوبرد. هاوكات به‌شێكى زۆری ستافه‌كه‌یشی له‌ وێستگه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌رمینیاوه‌ كێشایه‌وه‌.

بوشەهر؛ تاکە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا

وێستگەی بوشەهر کە لەسەر کەناراوەکانی کەنداوی "فارسی/ عەرەبی" لە باشووری ئێران هەڵکەوتووە، مێژووەکەی بۆ حەفتاکان دەگەڕێتەوە کاتێک ئەڵمانیا دەستی بە دروستکردنی کرد، بەڵام دواتر ڕووسیا بە تەکنەلۆژیای (VVER-1000) تەواوی کرد و لە ساڵی ٢٠١١ـدا چووە خزمەتەوە.

ئەم وێستگەیە توانای بەرهەمهێنانی ١٠٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە، کە دەکاتە نزیکەی ١.٥٪ـی تێکڕای پێداویستی کارەبای ئێران (کە گەیشتووەتە ٩٣ هەزار مێگاوات). هەرچەندە ئێران خاوەنی چەندین دامەزراوەی ئەتۆمی دیکەیە وەک "نەتەنز" و "فۆردۆ"، بەڵام بوشەهر تاکە وێستگەیە کە کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی دابین دەکات، ئەوانی دیکە زیاتر بۆ توێژینەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردێن.

سنورە سوورەکان و مەترسیی کارەساتەکان

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێرشکردنە سەر بوشەهر وەک "هێڵی سوور" دەبینێت، چونکە تێکچوونی ئەم وێستگەیە تەنها زیانی بۆ ئێران نابێت، بەڵکو کارەساتێکی ژینگەیی فرە ڕەهەند بۆ ناوچەکە دروست دەکات.

لە ئەگەری پێکانی وێستگه‌كه‌دا، هەوری تیشکدەر دروست دەبێت کە بەهۆی باوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەگاتە وڵاتانی دراوسێی کەنداو.

جگه‌ له‌هه‌واش، مه‌ترسی بۆ پیسبوونى ئاویش هه‌یه‌، چونكه‌  هەر دزەکردنێکی ئەتۆمی دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی کەنداو، ئەمەش وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە لە وڵاتانی ناوچەکە پەکدەخات. ئه‌مه‌ سه‌رباری مه‌ترسی ته‌ندروستى و نه‌خۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییە جینییەکان.

وێستگەی بوشەهر تەنها دامەزراوەیەکی وزە نییە، بەڵکو ئه‌گه‌ر بكرێته‌ ئامانج ده‌بێته‌ بۆمبێكى مه‌ترسیدار، بۆمبێك نه‌ك ئێران، به‌ڵكو ناوچه‌كه‌ش تووشى كاره‌ساتی درێژمه‌ودا ده‌كات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو