"سەرکەوتنێکی نیوەچڵ"؛ ترامپ بەبێ دەرەنجام دەتوانێت لە شەڕی ئێران بکشێتەوە؟
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠٤ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە بەهێزە، شرۆڤەکاران قسە لەسەر ئەو لێکەوتانە دەکەن کە ئەگەر ئەمە ڕووبدات. ئەوان وایدەبینن کۆتاییهێنان بە شەڕ بەبێ دەرەنجامێکی ئەوتۆ، لێکەوتەکانی گەورە دەبێت.
خەونی ترامپ: جەنگێکی خێرا و گەڕانەوە بۆ ناوخۆ
ئەوەی وادەکات ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەهێز بێت، ئەوەیە کە ترامپ شەڕی ماوەدرێژی ناوێت، بەڵکو ئەوەی ئەو ویستوویەتی، شەڕێکی کورتە بە تێچوویەکی کەمەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ترامپ لە پشت پەردەکانەوە بێزاری خۆی لە درێژەکێشانی شەڕ دەربڕیوە. ئەو لەمەدا چاوی لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزەویلایە کە خۆی وەکو "گەشتێکی سەربازیی" ناوی بردووە.
پاڵنەری سەرەکی ترامپ بۆ شەڕی کورت مەودا، هەم سیاسییە و هەمیش ئابووریی؛ چونکە ئەو دەزانێت کە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، دەنگدەرانی ئەمریکی نیگەران کردووە و جەنگێکی درێژخایەن دەبێتە بارگرانییەکی گەورەتر لەسەر شانی هاوڵاتیان، کە ئەمەش باجی سیاسی دەبێت.
ڕاگرتنی شەڕ هەروا ئاسان نییە!
بەڵام ئەم خواستەی ترامپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بەبێ دەدەرنجامێکی یەکلاکەرەوە، هەروا ئاسان نییە.
شیکەرەوە سیاسییەکان و بەرپرسە پێشووەکانی ئەمەریکا، ئاماژە بە چوار دەرئەنجامی مەترسیدار دەکەن ئەگەر ترامپ بەبێ دەرەنجامێکی ڕوون جەنگەکە ڕابگرێت.
یەکێک لەوانە: پێکدادانە لەگەڵ ئیسرائیل. چونکە نەتانیاهۆ ئەم ساتەوەختە بە هەلی مێژوویی دەبینێت بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران. هەر پاشەکشەیەکی ئەمریکا دەبێتە هۆی دروستبوونی درزێکی گەورە لەنێوان واشنتۆن و تەلئەبیب.
لەلایەکی دیکەوە یەکێک لەزیانەکانی دیکە، شکانی شکۆی ئەمریکایە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئەگەر کشانەوەکە وەک شکست لێکبدرێتەوە، هانی چین و ڕوسیا دەدات لە بەرەکانی تردا فشار بخەنە سەر ئەمریکا.
لەمانەش گرنگتر، ئەو شیکەرەوانە وایدەبینن کە کشانەوە لەم کاتەدا و بەبێ دەستبەرداربوونی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، واتا تەسلیمبوونی ئەمەریکا بە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران.
خاڵێکی تر کە دەبێتە مایەی شکستێکی گەورە بۆ ئەمەریکا ئەگەر شەڕەکە کۆتایی پێبێنێت، ئەوەیە کە کلیلی گەرووی هورمز بە فەرمی ڕادەستی ئێران دەکات.
جیمس ماتیس، وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمەریکا، دەڵێت: کۆتاییهێنانی جەنگ لەم ساتەدا، بە کردەیی واتای تەسلیمکردنی کۆنترۆڵی خاڵە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکەی جیهان (گەرووی هورمز)ـە بە تاران."
بەمشێوەیەش وادیارە ئەو گەشتەی کە ترامپ چاوەڕێی دەکرد هاوشێوەی ئەوەی ڤەنزویلا بێت، دەرکەوت ناتوانرێت ئاوەها کورت و بە دەرەنجام و بێ لێکەوتە تەواوبکرێت!