بازاڕی وزەی جیهانی لەبەردەم مەترسی هەرەس هێناندا 

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠٥ پێش نیوەڕۆ

بازاڕی وزەی جیهانی لەبەردەم مەترسی هەرەس هێناندا 

پەنجەرە 

نرخی نەوت بەرێژەی 3% بەرزبوویەوە و جارێکی تر مەترسی لەسەر کەرتی وزە دروستکردەوە، ئەمەش بەهۆی ئەگەری درێژە کێشانی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەناوچەکەدا.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەرێژەی 3.51 دۆلار بەرزبوویەوە و نرخەکەی گەیشتە 105 دۆلار و 73 سەنت، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش بەرێژەی 3.04 هەڵکشاو نرخەکەی گەیشتە 94 دۆلار و 36 سەنت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە ئەمەریکا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ناردنی هەزاران سەرباز بۆ کەنداو، ئەمەش دەبەسترێتەوە بە ئەگەری هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران لە لەحاڵەتی شکستهێنانی گفتووگۆ و دانوستاندا.

سوجین کیم، شارەزای بواری ئابووری دەڵێت: بازاڕی وزەی جیهانی بەهۆی بارگرژییەکانەوە لەژێر فشاردایە، بەتایبەت دۆخەکە ئەگەری هێرشی نوێ و ئاڵۆزی زیاتری لێ چاوەڕوان دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی کەشتییەکان لەژێر مەرجی توندی ئێراندان.

ململانێ سەربازییەکان وایانکردووە گەرووی هورمز بەڕووی بازرگانی جیهانی وزەدا دابخرێت یاخود سنوردار بکرێت، لەکاتێکدا 20% ی بازرگانی وزە بەو گەروەدا تێپەڕ دەبێت.

هاوکات لەگەڵ داخستنی گەروی هورمزدا، بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز کە پشتی بە داتاکان بەستووە، لانیکەم 40% ی توانای ناردنە دەرەوەی نەوتی روسیاش بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیاوە لەکار کەوتووە و ئەمەش قەیرانی وزەی قوڵتر کردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند: درۆنێک خۆی بە کەشتییەکی نەوت هەڵگردا کێشاوە کە لە روسیاوە رۆیشتووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو