تورکیا لەسەر هێڵی ئاگر: چۆن لەنێوان ئەمەریکا و ئێران دا یاری دەکات؟

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠٧ پێش نیوەڕۆ

تورکیا لەسەر هێڵی ئاگر: چۆن لەنێوان ئەمەریکا و ئێران دا یاری دەکات؟

پەنجەرە

بەردەوامی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە تاقیکردنەوەیەکی قورس بۆ تورکیا دادەنرێت، بەوەی چۆن بتوانێت پارێزگاریی لە ئاسایشی وڵاتەکەی بکات و پەیوەندییە دەرەکییەکانی هاوسەنگ بکات و نەبێت بە بەشێک لە ئاڵۆزییەکان.

تورکیا تا ئێستا خۆی بەلای هیچ بەرەیەکی شەڕەکەدا یەکلایی نەکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی گۆڕینی ئاراستەی رووداوەکان لە ئاڵۆزییەوە بۆ رێگەچارەی سیاسی دەدات.

پێدەچێت تورکیا ترسی هەبێت لەوەی تەقینەوەی دۆخی ناوچەکە تەنها لەسنورەکانی ئێران دا قەتیس نەبێت، بۆیە لەڕووی ئەمنی و سیاسییەوە بەترس و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات.
تورکیا و ئاڵەنگاری ئەمنی 

شرۆڤەکارانی سیاسی لە تورکیا، شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە مەترسیدارترین ئاڵەنگاری جیۆپۆلەتیکی لەبەردەم وڵاتەکەیاندا دادەنێن، بەهۆی هاوسنوری نێوان وڵاتەکەیان و ئێران.

بەبڕوای شرۆڤەکارانی سیاسی، مەترسی ئاڵۆزییەکانی ئێران تەنها گرێدراو نییە بە سنورەکانی تورکیاوە، بەڵکو لەڕووی ئەمنی و ئابووریی و سیاسییەوە کاریگەری لەسەر ناوخۆی تورکیا دەبێت.

هۆکاری ترسی بەرپرسانی تورکیا لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی پەیوەندی وڵاتەکەیان لەگەڵ ناتۆ و ئەمەریکا لەلایەک، پەیوەندی نێوانیان لەگەڵ ئێران لەلاکەی تر کە زۆرجار بەرژەوەندییەکانیان یەکانگیر نییە.

شێوازی گوتاری بەرپرسانی تورکیا ترس و دوودڵییان لە ئایندەی ئاڵۆزییەکان پێوە دیارە، بۆیە دەیانەوێت ئیدارەی ئاڵۆزییەکان بدەن بەبێ ئەوەی بخلیسکێنە نێو کێشەکانەوە.

تورکیا هەوڵدەدات رۆڵی هەبێت لە نێوەنگیریی نێوان ئێران و ئەمەریکا، ئەمەش لەپێناو پاراستنی پێگەی خۆی لەناوچەکەدا، هەرچەندە ناو بەناو بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەرە رمی رەخنەکانیان ئاۆراستەی ئیسرائیل دەکەن.

تورکیا و بەڕێوەبردنی قەیران 

تورکیا بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناوچەکەدا دەکات، وەکو ئەوەی حساباتی پێشوەختی بۆ هاوسەنگییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان کردبێت، ئامانجی سەرەکیشی پاراستنی وڵاتەکەیەتی لە پریشکی ئاڵۆزییەکان.

هەرچەندە چەند موشەکێک لەنێو خاکی تورکیادا کەوتوون، بەڵام تورکیا خۆی وەکو نێوەنگیر پیشان دەدات و دەیەوێت لەلایەن لایەنە ناکۆکەکانەوە قەبوڵکراو بێت، بۆیە داوای هێورکردنەوەی بارگرژییەکان دەکات.

تورکیا هەوڵدەدات لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا یاری بکات، بەجۆرێک دڵی ئەمەریکا رابگرێت و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ تاران تێکنەدات، ئەمەش دەرخەری ترسی ئەو وڵاتەیە لەدرێژخایەنی شەڕەکە و فراوانبوونی بۆ ناوچەکە.

بەڕای چاودێران، تورکیا بەئاراستەی لاوازکردنی ئێران یاری دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایەوێت ئەو وڵاتە دووچاری داڕمان ببێتەوە، بەوپێیەی ترسی گواستنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئێرانی بۆ نێوخۆی وڵاتەکەی هەیە.

پرسی کورد، ئاسایشی سنورەکان، کێشەی پەنابەران و رێڕەوی بازرگانی ئەو پرسانەن کە وایانکردووە تورکیا بە ترسەوە لە ئایندەی ئێران بڕوانێت، بەمپێیە بەرژەوەندی تورکیا لە سەرکەوتن و داڕووخانی ئێراندا نییە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو