ئێران: پەڕینەوە لە دەسەڵاتی ئاینییەوە بۆ قۆناغی راگوزەری سەربازیی
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٠٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی باڵا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کوژران، بەڵام بەدرێژایی ئەو شەڕەی کە لە 28 ی مانگی رابردووەوە سەریهەڵداوە، سوپای پاسداران پارێزگاری لە توانا سەربازییەکانی کردووە.
سوپای پاساداران کە لە ساڵی 1979 ەوە بایەخی پێدەدرێت و توانادار دەکرێت، لە دوای کوژرانی رابەری باڵای ئێران و فەرماندە سەربازییەکان، ئەم هێزە رۆڵی سەرەکیتری پێدراوە لە بڕیاری سەربازیی و ستراتیژیدا.
دەوترێت سوپای پاسداران دەمێکە خۆی بۆ بە ئامانج گرتنی سەرکردەکانی ئامادە کردووە، بۆیە بۆ هەر فەرماندەیەک ژمارەیەک جێگرەوەی بۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری کوژرانی فەرماندەکاندا، جێگرەوەکان بەشێوەی زنجیرەیی و یەک لە دوای یەک دەست بەکاربن.
سەرباری کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپا، بەڵام هێشتا جێگرەوەکان توانیویانە گۆڕەپانی شەڕ و بەڕێوەبردنی هەنگاوە جەنگیی و سەربازییەکان بەڕێوە ببەن.
سیستەمی سیاسی ئێران لەلایەن پیاوانی ئاینی، سەرۆک کۆمار و پەرلەمانەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەم دامەزراوانە شان بەشانی سوپای پاسداران رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە.
ئەو سەرکردە سیاسییانەی لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە و هێشتا نەکوژراون، بەشدارن لە هەوڵە چڕ و پڕەکان بۆ رێگرتن لە داڕمانی دەسەڵات و کۆتاییهاتنی ئەو سیستەمەی کە لە ساڵی 1979 ەوە هاتووەتە سەر کار.
ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، غوڵام حسێن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار، سەعید جەلیلی کەسایەتی سیاسی، عەلی رەزا کەسایەتی ئاینی وعەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، ئەو کەسایەتییە سیاسیی و سەربازیی و ئاینییانەن کە ئێستا رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی ئێران دا هەیە.