هۆکارەکەی ترسە لە سزا و هاککردن؛ بڕێکی زۆر لە "دراوی دیجیتاڵی" لە ئێرانەوە نێردراوەتە دەرەوە
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، بڕێکی زۆر "دراوی دیجیتاڵی" لە ئێرانەوە رەوانەی دەرەوە کراوە، پسپۆڕانیش هۆکارەکەی بۆ دەربازبوون لەو سزایانە دەگێڕنەوە کە بەسەر سوپای پاسداراندا سەپێنراوە، هەرچەندە ئەمە لەلایەن خەڵکانێکیشەوە پەنای بۆ براوە کە زەرەرمەندن لە دۆخی ئێران.
بڕی "دراوە دیجیتاڵی" کە لەماوەی یەک مانگی رابردوودا لە ئێرانەوە رەوانەی دەرەوە کراوە بە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەپێی خەمڵاندنی کۆمپانیا شیکارییەکان، یەک لەسەر سێی ئەم پارانە گواستراونەتەوە بۆ پلاتفۆرمە بیانییەکان.
هەرچەندە بەشێکی ناردنە دەرەوەی ئەم پارانە بۆ هەوڵی ئێرانییەکان بە مەبەستی پاراستنی سامانەکانیان دەگێڕدرێتەوە، بەڵام زۆری دراوەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەنانەت بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لەپشت ناردنە دەرەوەی دراوەوەن.
زۆری ناردنە دەرەوەی دراوی دیجیتاڵی لە ئێرانەوە ترسە لە سزا و هێرشی ئەلیکترۆنی، بەتایبەت بەپێی وتەی شارەزایانی بواری دراوی دیجیتاڵی، هاککەرە ئیسرائیلییەکان لەکاتی شەڕی 12 رۆژەدا بڕی 90 ملیۆن دۆلاریان بردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە بەلای شارەزایانەوە، تەنانەت لەکاتی پچڕانی ئینتەرنێتدا ناردنە دەرەوەی دراوی دیجیتاڵی لە ئێرانەوە هەبووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەشێک لە سیاسییەکان لەپشت ئەم کارەوەن.