شەڕی ئێران؛ سەرۆکی ئەمەریکای خستووەتە بەردەم چەند بژاردەیەکی قورسەوە

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١١ پێش نیوەڕۆ

شەڕی ئێران؛ سەرۆکی ئەمەریکای خستووەتە بەردەم چەند بژاردەیەکی قورسەوە

پەنجەرە

بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا و بەردەوامی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران، دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی چەند بژاردەیەکی قورس دەکاتەوە: رێککەوتنێک کە خواستی هەردوو لایەنی شەڕکەری تێدا بێت، یان پەرەسەندنی زیاتری شەڕ کە رەنگە سەرۆکایەتییەکەی دووچاری مەترسی بکات.

لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا بانگەشەی رێککەوتن و گفتووگۆ دەکات، بەڵام ئێران بەردەوامە لە داخستنی گەروی هورمز و هێرشی موشەکی و درۆنی بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە.

شرۆڤەکاران پرسیارییان لەسەر ئایندەی شەڕەکە لا دروستبووە، بەوەی سەرۆکی ئەمەریکا هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ دەنێت، یان ئاڵۆزییەکان بەردەوامییان دەبێت و قەیرانی وزە قوڵتر دەبێتەوە.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە: ترەمپ بە یاریدەدەرەکانی وتووە دەیەوێت خۆی لە "جەنگێکی درێژخایەن" بەدوور بگرێت و ڕێگەچارەیەکی بۆ دانوستان بۆ بدۆزنەوە. 

هاوکات ترەمپ هەڕەشەی هێرشی سەربازیی گەورە دەکات ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.

دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران، بەتایبەت ئەو پێشنیازە  ١٥ خاڵییەی کە لە ڕێگەی پاکستانەوە ئاراستەی کردبوو، دەرخەری پەلەکردنی ترەمپە بۆ دۆزینەوەی رێگەی کۆتاییهێنان بەشەڕ، بەڵام هێشتا پێشنیازەکان ئەنجامی ئەوتۆیان نەبووە.

جێگری پێشووی دەزگای هەواڵیگریی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: بژاردەکانی سەرۆک ترەمپ کەمن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. 

هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت: هەڵمەتی دژ بە ئێران کاتێک کۆتایی دێت کە فەرماندەی گشتی بڕیار بدات کە ئامانجەکانمان بەدیهاتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ ئامانجی ڕوونی دیاریکردووە.

ترەمپ هەزاران سەربازی دیکەی ئەمەریکی لە ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە و هەڕەشە لە ئێران دەکات، بەوەی هێزی زەمینی بەکار دەهێنێت گەر نەچێتە ژێرباری خواستەکانییەوە.

شرۆڤەکاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم نمایشی هێزە بۆ ترساندن و ناچارکردنی تارانە بە خۆڕادەستکردن، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە ئەمەریکا بۆ ململانێیەکی درێژخایەنتر ڕابکێشێت. ناردنی هێزی زەمینیش بۆ ناو ئێران، پێدەچێت زۆرێک لە دەنگدەرانی ئەمەریکی توڕە بکات.

شارەزایان پێیانوایە سیناریۆیەکی تر لە ئارادایە بەوەی هێرشی گەورەی ئاسمانی بکرێتەسەر ئێران بۆ پەکخستنی توانا سەربازییەکانی، پاشان ترەمپ سەرکەوتن رابگەیەنێت و کۆتایی بەشەڕ بهێنێت.

ئەگەر گەروی هورمز نەکرێتەوە راگەیاندنی سەرکەوتن لەلایەن ترەمپەوە مانای نامێنێت، هەر ئەمەش ترەمپی لە ئەوروپا نیگەرانکردووە کاتێک ناردنی کەشتی جەنگییان بۆ کردنەوەی هورمز رەتکردەوە.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە داوایکرد ناوی نەکرێت، دەڵێت: ترەمپ بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و دەیەوێت لەرێگەی بانگەشەوە بازاڕی وزە کۆنترۆڵ بکات.

روون نەبوونی ستراتیژییەتی ترەمپ بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان، مەترسی لەسەر پێگەی کۆمارییەکان دروستکردووە لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

بەبڕوای شیکەرەوان ئێران گرەو لەسەر بەرگە گرتنی زیاتری فشارەکان دەکات، ئەمەش لەپێناو مل نەدان بە خواستەکانی ئەمەریکا و ئاڵۆزترکردنی بازاڕی وزە.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: ترەمپ و تیمەکەی بە باشی ئامادەکارییان کردووە لە دژی ئێران و بەم زووانە گەروی هورمز دەکرێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو