شەڕ هێڵی ئاسمانی کەنداو دووچاری قەیرانی گەورە دەکات
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێڵی فڕۆکەوانی جیهانی ڕووبەڕووی دووەم قەیران دەبێتەوە لە ماوەی شەش ساڵدا، ئەمەش بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزبوونەوەی نرخی وزە ، کە بەشێکی زۆر لە گەشتەکانی پەکخستووە.
بەرپرسانی کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە، ٥٪ ی گەشتە ئاسمانییەکان کەمیکردووە. هەروەها نرخی بلیتی گەشتکردن بەرز بووەتەوە و پێشبینی زیاتر بەرزبوونەوەی بەرێژەی ٢٠٪ دەکرێت.
هێڵە ئاسمانییەکانی کەنداو کە سەردەمانێک زۆربەی گەشتەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقایان ئەنجام دەدا، بەڵام شەڕ دووچاری گرفتی کردوون و دوو لەسەر سێی گەشتەکانیان پەکیکەوتووە.
هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان بەهۆی نزیکییان لە ناوچەکانی شەڕ، ناچارن گەشتەکانیان رابگرن یان هێڵێکی ئاسمانی دوورتر بەکار بهێنن.
لەکاتێکدا هێڵە ئاسمانییەکانی تر لە ئەوروپا و ئاسیا و ئوسترالیا سودمەندبوون لە دۆخەکە، بەهۆی ئەوەی خواستی زیاتر لەسەر گەشتەکانیان دروستبووە.
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و درێژی ڕێڕەوی گەشتەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچە ئاڵۆزەکان، تێچووی گەشتی زیاتر کردووە و نرخی بلیتیشی گران کراوە.
هێڵەکانی فڕۆکەوانی کەنداو بەهۆی راگرتنی بەشێکی زۆر لە گەشتەکانیان سەرقاڵی نوێکردنەوەی فڕۆکەکانیان و باشترکردنی خزمەتگوزارین، بۆ ئەوەی دوای شەڕ بتوانن خێرا رۆڵ پەیدا بکەنەوە.