لەژێر ئاسمانی دوکەڵاویی و زەمینی پڕ لە تەقینەوەدا: گیرۆدەبوونی ئێرانییەکان لەنێو گێژاوی شەڕ و قوڕاوی ئابووریدا
١ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوکەڵی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان ئاسمانی ئێرانی تەنیووە، زرمەی تەقینەوەکان ژیانی لای ئێرانییەکان هێندەی تر تاڵکردووە، لە دوکەڵ و بۆمب خراپتر بۆ ئەوان ئەو دۆخە خراپە داراییەیە کە تێیکەوتوون.
لەپاڵ دەنگی بۆمب و رەشبوونی ئاسمان بە دوکەڵی هێرشەکان، راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بێ ئاگابوونی ئێرانییەکان لەدونیای دەرەوە، هەڵمەتی چڕی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی خەڵکانی ناڕازی، هێندەی تر دۆخەکەی قورستتر کردووە.
تادێت نرخی خۆراک و کاڵا و شمەک لە ئێران بەرز دەبێتەوە، پرۆسەی بازرگانی تاڕادەیەکی زۆر ئیفلیج بووە، داهاتی خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بۆیە ئێرانییەکان لەنێو گێژاوی شەڕ و قوڕاوی گرفتە ئابوورییەکاندا دەتلێنەوە.
لەکاتێکدا کۆمەڵگای ئێرانی لەنێوان بەرداشی ناسەقامگیریی و دۆخی خراپی ئابوورییدا لەڕووی دەروونییەوە ماندووە، کۆڕوکۆبوونەوەی شەوانی لایەنگرانی رژێمەکە هێندەیتر دۆخەکەی دژوارتر کردووە.
هاوڵاتییەکەی دانیشتووی تاران دەڵێت: لایەنگرانی حکومەت هەموو شەوێک کۆ دەبنەوە ولە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون دروشم دەڵێنەوە، خەڵک ئەمە بە هەراسانکردنی بەمەبەست لێکدەداتەوە.
دەشڵێت: دەزانن خەڵک لێیان نیگەرانە، بەڵام لەرێگەی کۆبوونەوە و دروشمەوە هێزی خۆیان دەردەخەن.
بەپێی وتەی ئەو هاوڵاتییە، خەڵک خۆیان لەکۆبوونەوەی لایەنگرانی دەسەڵات بەدوور دەگرن، رێڕەوی هاتووچۆ دەگۆڕن و لە شوێنی کۆبوونەوەکانیان نزیک نابنەوە.
هاوڵاتییەکی تری دانیشتووی تاران کە ناوی نەهێنراوە، بە میدیا نێودەوڵەتییەکانی ڕاگەیاندووە: 50 ساڵە لەو گەڕەکە نیشتەجێیە کە ئێستا لێی دەژی، بەڵام هەرگیز ئەو کەسانەی پێشتر نەبینیووە کە ئێستا بەشەوان لە نزیک ماڵەکەی کۆ دەبنەوە.
بەپێی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بڵاوکراونەتەوە، هێزە حکومییەکان تەقە لەو ماڵانە دەکەن کە دروشمی دژ بە حکومەتیان تێدا دەوترێتەوە، بەو پێیەی بەشەوان لە کاتژمێر 8 ەوە تا نیوەی شەو خەڵک لە ماڵاندا کۆ دەبنەوە.
بەرای شرۆڤەکاران، ترسی گەورەی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران لە تەقینەوەی ناڕەزایەتی نێوخۆییە، بۆیە هەموو رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان.
بڵاوە پێکردنی لایەنگرانی حکومەت لەنێو شەقامەکان و دروشم وتنەوە وەکو بەربەستێک پەنای بۆ براوە، بۆ ئەوەی رێگە بە خەڵکانی ناڕازی نەدرێت بڕژێنە سەر شەقامەکان.
بەرپرسانی ئێران داوا لە لایەنگرانیان دەکەن شەقامەکان بەجێنەهێڵن، بەپێی وتەی سەرچاوە نێوخۆییەکانی ئێرانیش، ئەوانەی لە شەقامەکاندا دەمێننەوە پارە و ئیمتیازیان پێدەدرێت.
میدیاکانی ئێران بەردەوام کۆبوونەوەی لایەنگرانی دەسەڵات دەگوێزنەوە، لە بەشێک لە کۆبوونەوەکاندا ژنانی بێ سەرپۆش دەردەکەون و دروشم بۆ پاڵپشتی حکومەت دەڵێنەوە.
ئامانج لە کۆبوونەوەی شەوانی لایەنگرانی حکومەتی ئێران لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، بۆ کۆنترۆڵکردنی کایەی گشتی و گۆڕینی تێڕوانینی ناوخۆیی و دەرەوەیە لەسەر دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە.