راوکردنی سەرکردەکانی ئێران: چۆن ئەمەریکا ئەرکی کوشتنی سەرکردەکانی بە ئیسرائیل سپارد؟

١ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

راوکردنی سەرکردەکانی ئێران: چۆن ئەمەریکا ئەرکی کوشتنی سەرکردەکانی بە ئیسرائیل سپارد؟

پەنجەرە

بە ئامانج گرتن و کوشتنی سەرکردەکانی ئێران ئەو ئەرکەی ئەمەریکا خۆی لێ لادا و بە ئیسرائیلی سپارد، بەو پێیەی ئەرکەکە  بە "قورس و سەخت" دانراوە.

ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئێران، بەتایبەت لە دەستپێکی هێرشەکانیدا عەلی خامنەیی و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای ئێرانی کوشت. داتاکانی ئیسرائیل ئاماژە بە کوژرانی 250 سەرکردەی باڵای ئێران دەکەن لە سەرەتای شەڕەکەوە.

دوایین ئامانجی ئیسرائیل کوشتنی فەرماندەی هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسداران بوو، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە شەوی رابردوو، غوڵام حسێن رەزای سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریش کوژرابێت.

هۆکاری سەرکەوتوویی ئیسرائیل لە دەستنیشانکردنی شوێنی سەرکردەکانی ئێران و دواتر جێبەجێکردنی پلانی کوشتنیان، بۆ دەستگەیشتنی بە تۆڕە مرۆیی و ئەلیکترۆنییەکانی ناو ئێران دەگێڕدرێتەوە.

سەرباری دروستکردنی تۆڕێکی سیخوڕی گەورە لەناو چینە جیاوازەکانی ئێران دا و سود وەرگرتن لە زانیارییەکانیان، ئیسرائیل بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی جوڵەی رۆژانەی سەرکردەکانی ئێران پشتی بە کامێرای سەر شەقام و موبایل و ئینتەرنێتیش بەستووە.

بەرپرسانی ئێران ترسیان هەیە لەوەی تیرۆرکردنی سەرکردەکان ببێتە ستراتیژی هەمیشەیی ئیسرائیل، بەوپێیەی پێشکەوتنی زیرەکی دەستکرد پرۆسەکەی بۆ ئیسرائیل ئاسانتر کردووە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، کوشتنی سەرکردەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە رەنگدانەوەی رێککەوتنێکی نێوانیانە، بەوپێیەی هەرلایەنە و ئامانجی تایبەت بەخۆی هەیە.

سەرباری زانیاری وردی ئیسرائیل لەبارەی شوێنی مانەوەی سەرکردەکانی ئێران، بەڵام ئێرانییەکان رێوشوێنی نوێیان گرتووەتەبەر بۆ خۆ پاراستن لە هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەمەش وایکردووە هێرشە ئاسمانییەکان هەندێکجار ئامانجەکانیان نەپێکن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو