حوکمی سەربازی: شەقامەکانی ئێران بەهێز تەنراون و هەموو بڕیارەکان لای سەربازن
١ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بارودۆخی شارەکانی ئێران ئاماژەن بۆ ئەوەی دۆخی ئێران بۆ حوکمڕانی ڕانەگەیەنراوی سەربازیی گۆڕاوە، بەوپێیەی سەرباز دۆخەکەی کۆنترۆڵکردووە وهەموو بڕیارەکان لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانەوە دەدرێن.
بوونی ژمارەیەکی زۆر بازگە لە شارەکان و جێگیرکردنی سەرباز لەنێو گەڕەکەکاندا، هەروەها هەڵکوتانە سەر ماڵان و گرتنەبەری رێوشوێنی توند لەلایەن سوپاوە، هێندەیتر دۆخەکەی بۆ هاوڵاتییان قورستتر کردووە.
هاوڵاتییەکی دانیشتوی سەعدەت ئابادی تاران دەڵێت: بازگەیەکیان لەبەردەم ماڵەکەمدا داناوە، لە بەیانییەوە تا شەو دروشمی ئاینی دەڵێنەوە، جگە لەوەی بێزاریان کردووین ناوچەکەشیان خستووەتە بەردەم ئەگەری هێرشی ئاسمانی.
دانیشتوانی تاران دەڵێن، جێگیرکردنی هێز لەناو گەڕەکەکان و سوڕانەوەی فڕۆکە بە ئاسمانی شارەکەدا، دۆخێکی وایان دروستکردووە هیچ کەس متمانەی بەژیانی خۆی نەبێت.
ئەوەی زیاتر هاوڵاتییانی ئێرانی نیگەران کردووە گەڕانی هێزە ئەمنییەکان و پشکنینی موبایلەکانیانە، بەجۆرێک لەنێو موبایلی هاوڵاتیاندا بەدوای گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی هێرشەکاندا دەگەڕێن.
هاوڵاتییەکی دانیشتووی تاران وتی: لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکان تەماشای نامەی نێو موبایلەکەیان کردووە، یەکێک لە دراوسێکانمان دەستگیرکراوە و چارەنووسی نادیارە.
هاوڵاتییانی ئێران هەست بەڕوودانی گۆڕانکاری لە رەفتاری هێزە ئەمنییەکاندا دەکەن، بەجۆرێک ئەو هێزانە تابلۆی سەر ئۆتۆمبێلەکانیان لابردووە و سەربازەکانیش دەمامک بەکار دەهێنن.
یەکێک لە دانیشتوانی تاران بە گاڵتەجاڕییەوە، دەڵێت: پێشتر ئێمە دەمامکمان دەپۆشی لە ترسی ئەوان، کەچی ئێستا هێزەکان دەمامک دەپۆشن بۆ ئەوەی نەیانناسینەوە.