پارتی لەنێو نەخشەی نوێی سیاسیی عێراقدا؛ کاتێک دۆستە کۆنەکان دەبنە نەیار
١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوای هەڵبژاردنەکان و گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی لەبەردەم نەخشەیەکی نوێی سیاسی و لێشاوێک لە نەیارە بەهێزەکاندا دەبینێتەوە. ئەو هێزانەی ڕۆژگارێک دۆست یان هاوپەیمانی بوون، ئێستا لە بەرەی دژ وەستاون و ئەوانەشی هەمیشە نەیار بوون، جڵەوی بڕیاریان لە بەغدا گرتووەتە دەست.
حەلبوسی؛ لە هاوپەیمانێتییەوە بۆ نەیارێکی سەرسەخت
یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە دیارەکان، وەرچەرخانی هەڵوێستی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدومە. حەلبوسی کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ پارتی و ڕەوتی سەدردا سێگۆشەی "ڕزگاری نیشتمان"یان بۆ دوورخستنەوەی لایەنە شیعەکان پێکهێنا، ئێستا بووەتە نەیارێکی سەرسەختی پارتی.
ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە ئاستی هێرشی توندی ڕاگەیاندن؛ حەلبوسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "هەرگیز ناچمە هەولێر"، لە بەرامبەریشدا هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، چەندین جار ڕەخنەی توندی ئاراستە کردووە. حەلبوسی کە بە "یاریکردن لە نێوان بەرەکاندا" ناسراوە، ئێستا پێگەی خۆی لە بەغدا بەهێزتر کردووە و ئەمەش وەک فشارێکی گەورە بۆ سەر پارتی دەبینرێت.
باڵادەستی شیعەکان و درز لە پەیوەندییەکاندا
لە لایەکی دیکەوە، قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق، کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە نەیارێتی پارتی هەیە، ئێستا وەک یەکێک لە جەمسەرە بڕیاردەرەکانی نێو ماڵی شیعە دەرکەوتووە. میلیشیا شیعەکان بە خاوەندارێتی زیاتر لە ٨٠ کورسی پەرلەمان، سەنگێکی قورسیان لە هاوکێشەکاندا هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی و پارتییش بەرەو خراپی چووە و لەدۆستەوە بوون بە نەیار.
نزیکبوونەوەی پارتی لە نوری مالیکی (ڕکابەری سودانی)، وایکرد سودانی و پارتی سەنگەر لە یەکتری بگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێگەی دۆستە کۆنەکانی پارتی وەک (نوری مالیکی و هادی عامری) بەرەو لاوازی چووە.
پارتی
گۆڕانکارییەکان تەنها لە ئاستی سیاسی نەوەستان، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر پێگەی پارتی لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبوو:
* پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان: پارتی ناچار بوو کاندیدەکەی لە شاخەوان عەبدوڵاوە بۆ فەرهاد ئەتروشی بگۆڕێت و بە زۆر توانی دەنگی پێویست کۆبکاتەوە.
* پۆستی سەرۆک کۆمار: بەبێ ڕەزامەندی پارتی و بە خواستی نەیارەکانی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا، کە ئەمە وەک گورزێکی سیاسی گەورە بۆ پارتی هەژمار کرا.
کۆتایی؛ هەرێم لە نێوان بایکۆت و چوار ساڵی سەختدا
لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی دەکات، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەمە بژاردەیەکی ئاسان نییە. بەوپێیەی نەیارەکانی لە بەغدا لە لوتکەی هێزدان، ئەگەر پارتی پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا نەکات یان جۆرێک لە ڕێککەوتن نەیەتە ئاراوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چوار ساڵی یەکجار قورس دەبێتەوە. رابردوو ئەوەی سەلماندووە کە هەر کاتێک گرژییەکانی نێوان پارتی و بەغدا گەیشتبێتە بنبەست، کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر دۆخی ئابووریی و سیاسی هاووڵاتیانی هەرێم دەرکەوتووە.