“مانگرتن لە خواردن"؛ نوێترین هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی

٢١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:١٧ پاش نیوەڕۆ

“مانگرتن لە خواردن"؛ نوێترین هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی

پەنجەرە

هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە دۆسیەکانیان، مانیان لە خواردن گرت و پارێزەرەکەشیان هۆکاری مانگرتنەکەیان بۆ نەناردنی دۆسیەکانیان بۆ دادگای تەمیز دەگەڕێنێتەوە.

بورهان ڕەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (پەنجەرە) ڕایگەیاند: "هەردوو بەڕێزان شێخ لاهور و کاک پۆڵاد مانیان لە خواردن گرتووە، ئەمەش دوای ئەوەی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئاستەنگی بەمەبەست بۆ دۆسیەکانیان دروست دەکرێت."

سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە، پارێزەرەکەیان ڕوونی کردەوە کە بەپێی ڕێکارەکان، دەبوایە لە ناوەڕاستی مانگی ١١ـی ساڵی ڕابردوودا دۆسییەکانیان ڕەوانەی دادگای تەمیز بکرایە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر ئەو وادەیەدا، تاوەکو ئێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە.

بورهان ڕەشید وتیشی: "ئێمە وەک تیمی پارێزەران لە دادگا بەدواداچوونمان کردووە بۆ زانینی هۆکاری ئەم دواکەوتنە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگا هیچ هۆکارێکی ڕوون و پاساوێکی یاسایی پێنەداوین کە بۆچی دۆسیەکان ڕەوانەی تەمیز ناکرێن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو