دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ زانیارییەکانی پەنجەرە پشتڕاست دەکاتەوە

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١٢:٠٥ پاش نیوەڕۆ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ زانیارییەکانی پەنجەرە پشتڕاست دەکاتەوە

پەنجەرە

دوای ئەوەی پەنجەرە هەواڵی سەردانی شاندێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی بۆ لای رۆژنامەنوس (شێروان شێروانی) لە گرتووخانەی گەورانی هەولێر بڵاوکردەوە، دەستەی ناوبراو ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا وردەکاری کۆبوونەوەکە و داواکارییەکانی ناوبراوی ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تیمی دەستەی مافی مرۆڤ لە نزیکەوە گوێیان لە داخوازییەکانی شێروان شێروانی گرتووە. ناوبراو جەختی لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردووەتەوە وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی لە خواردن؛ پێدانی مۆڵەتی چوونەوە ماڵەوە، لە حاڵەتی جێبەجێ نەکردنی داواکاری یەکەم، ڕێگەی پێبدرێت بگوازرێتەوە بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی.

دەستەی مافی مرۆڤ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری چاکسازی و لایەنە یاساییەکان، ئەم وەڵامانەی سەبارەت بە داواکارییەکان وەرگرتووە:

لیژنەی مۆڵەتی سزادراوان ڕایگەیاندووە کە بەپێی ڕێنماییەکان، دەبێت سزادراو لانی کەم یەک ساڵی تەواو لە ماوەی حوکمەکەی بڕیبێت. بەو پێیەی تەنیا (٧) مانگ بەسەر حوکمە کۆتاییەکەی شێروان شێروانیدا تێپەڕیوە، لە ئێستادا مەرجی یاسایی مۆڵەت نایگرێتەوە.
سەبارەت بە گواستنەوە بۆ سلێمانی، لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گواستنەوەی سزادراو لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەکەی دەبێت. بەو پێیەی خێزان و ماڵی ناوبراو لە شاری هەولێرن، داواکارییەکەی بۆ گواستنەوە بۆ سلێمانی لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە ڕەتکراوەتەوە.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە چارەنووسی مانگرتنی شێروان شێروانی بەندە بە وەڵامدانەوەی ئەم داواکارییانە، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەسەر ڕێکارە یاساییەکان دەکەنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو