١٨ هێرش لە ١٦ ڕۆژدا؛ ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٠٥ پاش نیوەڕۆ

١٨ هێرش لە ١٦ ڕۆژدا؛ ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

پەنجەرە

سەرەڕای ئەنجامدانی ئاگربەست لە نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سوپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق، بەردەوامییان داوە بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆردوگا و بنکەکانی حیزبە کوردستانییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان. 
ئەم هێرشانە لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٤ هاووڵاتی و برینداربوونی لانی کەم ٩ هاووڵاتیی دیکە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل (١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦) تا ئەمڕۆ هەینی ٤ی بانەمەڕ، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارە میلیشیاکان لە عێراق، لانی کەم ١٨ جار کەمپەکانی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانجی هێرشی هاژەکی و درۆنە خۆکوژەکان.

 

وردەکاریی زیانە مرۆییەکانی ئەم هێرشانە:

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ئەم هێرشانە کە بە شێوەیەکی دیاریکراو شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و کەمپە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج، ئەم زیانانەی لێ کەوتووەتەوە:

لانی کەم ٤ کەس گیانیان بەختکردووە کە ناسنامەیان بریتین لە: ٣ ژنە پێشمەرگە بە ناوەکانی غەزال مەولان ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری و مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی شاهین ئازەربەرزین کە هەر سێیان ئەندام و پێشمەرگەی  حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

هەروەها لانی کەم ٩ پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بە توندی بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراون، کە باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا کەمپ و بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لانی کەم ٧ جار، کەمپەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) هەر کامەیان ٤ جار، کەمپەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ٢ جار و کەمپی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لانی کەم جارێک کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. 

جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەشدا، کەمپ و بنکەکانی ئەم حیزبانە لانی کەم ١٦٧ جار هێرشیان کراوەتە سەر، کە بووە هۆی گیانبەختکردنی ٥ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣٠ پێشمەرگەی دیکە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو