دۆلار وەک کارتی فشار؛ پەیامی توندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٠٦ پاش نیوەڕۆ

دۆلار وەک کارتی فشار؛ پەیامی توندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان

پەنجەرە

ئەمەریکا ناردنی بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری کاشی بۆ بەغدا ڕاگرت و ئەم هەنگاوە وەک فشارێکی فراوانتر دەبینرێت بۆ سەر حکومەتی عێراق، تا سنوورێک بۆ هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دابنێت. 
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، واشنتۆن بەشێک لە هەماهەنگییە ئەمنییەکان و هەندێک لە بەرنامەکانی پاڵپشتی سەربازیی بۆ عێراق سڕ کردووە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە عێراقی و ئەمریکییەکان، ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک هێرش دێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لە عێراق و ناوچەکە کردووەتەئامانج، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو گرژییانەی بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمەریکاوە هاتووەتە ئاراوە. 

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پرسە تەنها لایەنێکی دارایی نییە، بەڵکو وەک کارتێکی فشاری سیاسی و ئەمنی بەکاردەهێنرێت.

ئەم پارانە بەشێکن لە داهاتە نەوتییەکانی عێراق کە لە ڕێگەی بانکی فیدراڵی لە نیویۆرک بەڕێوەدەبرێن، بۆیە ڕاگرتنیان پەیامێکی ڕوونە بۆ بەغدا، بەوەی هەماهەنگییە دارایی و ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە ڕەفتاری گرووپە چەکدارەکان و توانای دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنیان. 
هاوکات چاودێران پێیانوایە واشنتۆن لەمڕێگەیەوە فشار دەخاتە سەر لایەنە شیعەکان بۆ ئەوەی خۆی کاریگەریی لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو هەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو