١٠ ملیۆن دۆلار و مافی نیشتەجێبوون؛ خەڵاتە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ ڕاوکردنی "ئەبو ئالا وەلائی"

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٠٩ پاش نیوەڕۆ

١٠ ملیۆن دۆلار و مافی نیشتەجێبوون؛ خەڵاتە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ ڕاوکردنی "ئەبو ئالا وەلائی"

پەنجەرە

لە هەنگاوێکی نوێی ئەمەریکادا کە ململانێی ناو گۆڕەپانی عێراق قووڵتر دەکاتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەرخانکردنی خەڵاتێکی دارایی ١٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد لە بەرامبەر هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردن یان دیاریکردنی شوێنی "هاشم فەنیان ڕەحیمی ئەلسەراجی" کە ناسراوە بە "ئەبو ئالا وەلائی".

ئەلسەراجی ئەمینداری گشتیی میلیشیای "کەتائیبی سەیدولشوهەدا" یە، کە گروپێکی چەکدارییە و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئێران دەکات، هەروەها لەلایەن واشنتنەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی جیهانی پۆلێن کراوە.

پێشنیاری تایبەت بۆ زانیاریدەران

بەگوێرەی ئەو بڵاوکراوەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پلاتفۆرمە فەرمییەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە، واشنتنۆن تەنها بە خەڵاتە داراییەکەوە نەوەستاوە، بەڵکو پێشنیارێکی تری خستووەتە ڕوو کە بریتییە لە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هەر کەسێک زانیاریی ورد دەربارەی سەراجی بدات. 
ئەم ڕاوەدوونانە لە چوارچێوەی ئەو تۆمەتە قورسەکانەدایە کە ئاراستەی کەتائیب کراون بەوەی تێوەگلاون لە "کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی عێراقی و بەئامانجگرتنی بنکە دیپلۆماسی و سەرباییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا".

قورسایی سیاسی و مەیدانی

سەراجی تەنها فەرماندەیەکی مەیدانی نییە، بەڵکو یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە حزبە نزیکەکانی تاران لەخۆدەگرێت و گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنێت. 
واشنتن تۆمەتباری دەکات بە سەرکردایەتیکردنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دامەزراوە لۆجستییەکانی ناو فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. ئەم دۆخە دەوڵەتی عێراقی خستووەتە ناو شەرمەزارییەکی بەردەوام لە نێوان پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی و هەژموونی گرووپە چەکدارەکاندا.

عێراق لە چەقی زریانەکەدا

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا دێت کە هێشتا عێراق کاریگەرییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لەسەر ماوە، کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوو دەستی پێکرد و زیاتر لە ٤٠ ڕۆژی خایاند.

لەو ماوەیەدا، خاکی عێراق گۆڕا بۆ گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان؛ بە جۆرێک بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەر شاڵاوی هێرشی ئاسمانی کەوتن، لە بەرامبەریشدا گروپە چەکدارەکان بە موشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکایان دایەوە.

فشاری ئابووری و ئەمنی

هاوتەریب لەگەڵ ڕاوەدوونانە ئەمنییەکان، واشنتن فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی بەغدا چڕتر کردووەتەوە بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گروپە میلیشیاکانی تاران. هەروەها کارتە ئابوورییە هەستیارەکان بەکاردەهێنێت، لەوانە ڕاگرتنی ڕەوانەکردنی دراوی کاش و سڕکردنی بودجەی پلانە ئەمنییە گرنگەکان. 
چاودێران پێیانوایە دانانی "سەری سەراجی" لە زیادکردنی ئاشکرای خەڵاتەکاندا، ئاماژەیە بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە "توندکردنی گەمارۆی" دارایی و ئەمنی لەسەر باڵەکانی تاران لە عێراق، بە ئامانجی ناچارکردنی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی توندتر بەرامبەر ئەو گروپە چەکدارانەی کە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو