ئێران بە “پێشمەرگەی موسڵمان” رووبەڕووی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات دەبێتەوە

٢٧ نیسان ٢٠٢٦ - ٥:٣٦ پاش نیوەڕۆ

ئێران بە “پێشمەرگەی موسڵمان” رووبەڕووی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات دەبێتەوە

پەنجەرە

ماوەی دوو مانگە ئێران سەرقاڵی زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی “پێشمەرگەی موسڵمان” و وەرگرتنی چەکداری کوردە، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی داهاتووی شەڕ و ئەگەری جوڵەکردنی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات.

هێزی “پێشمەرگەی موسڵمان” هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانە و لە ساڵی ١٩٧٩ لە کرماشان دامەزراوە. ئامانجی سەرەکییان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئەمنی حیزبە کوردییەکان بووە.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێران ماوەیەکە سەرقاڵی ناونوسکردن و وەرگرتنی چەکداری زیاتر لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

وتیشی: تەنانەت منداڵانیش چەکدار دەکرێن و لەریزی هێزە جیاوازەکان وەردەگیرێن.

سوپای پاسداران ماوەی دوو مانگە پرۆژەی “پێشمەرگەی موسڵمان”ی بۆ ڕاکێشانی گەنجانی کورد بۆ ناو ئەم هێزانە نوێ کردووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵات کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی و دۆخی هێزەکانی خراپبوو.

ئێران دەیەوێت سود لەم هێزانە لەپاڵ هێزەکانی هەنگی سنوریدا وەربگرێت بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوخۆی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵات.

هێزی پێشمەرگەی موسڵمان بەسەر سێ هێزی سەرەکیدا دابەشکراون، هێزی حەمزە کە بارەگای لە ورمێیە، هێزی بەیتولموقەدەس بارەگا لە سنە، هێزی نەبی ئەکرەم بارەگا لە کرماشان.

ئەم هێزانە لە ناوخۆی فەیلەقەکاندا کراون بە سێ بەش، هێزی زەمینی، هێزی تێکەڵاو لەگەڵ بەسیج بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، هەروەها بەشی هەواڵگریی بۆ سیخوڕیکردن بەسەر حیزبەکانەوە.

دامەزاندنی چەکداری کورد لە ریزی هێزی “ پێشمەرگەی موسڵمان” لەکاتێکدایە، سەرباری راوەستانی شەڕ و ئاگربەست حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بە ئێستاشەوە لەژێر هێرشی درۆنی و موشەکیدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات، بە پەنجەرەی راگەیاند: ئێران وەک مەترسی بۆ ناوخۆ لە حزبە کوردییەکان دەڕوانێت، پێیوایە ئەم حزبانە مەترسی جدین لە بن دەستیدا.

سەرچاوەکە دەڵێت: ئەگەر شەڕیش کۆتایی بێت فشارە راستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر حزبە کوردییەکان بەردەوام دەبن، ئەمە جگە لەوەی کارتی حکومەتی عێراقیش لە دژیان بەکار دەهێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو