مستەفا عەبدولڵا: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئاسان نییە و لایەنەکان فشاری سیاسی لە یەکتر دەکەن
٢٧ نیسان ٢٠٢٦ - ٥:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەخرێنە ڕوو، تەنها وەک ئامرازێکی فشاری سیاسی بۆ سەر یەکتری بەکاردەهێنرێن.
کۆسپە یاسایی و دارایییەکان
مستەفا عەبدوڵا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (پەنجەرە) ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕووی یاساییەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کارێکی ئاسان نییە، چونکە :
*دەسەڵاتی سەرۆکایەتی: بەهۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی یەکەم، پرسەکە لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم دەرچووە.
* بڕیاری دادگا: دادگای فیدراڵی تا ئێستا دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەتکردووەتەوە.
*کۆسپە تەکنیکییەکان: هەرێمی کوردستان کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی نییە، وادەی یاسایی کۆمیسیۆنی عێراقیش بەرەو تەواوبوون دەچێت.
* تێچووی دارایی: ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن پێویستی بە بودجەیەک هەیە کە لە نێوان 20 بۆ 30 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە حکومەتی ناوەندی بەغدا ئامادە نییە بڕە پارەیەکی لەو شێوەیە لە ئەستۆ بگرێت.
چەقبەستوویی سیاسی
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەگەرچی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە بڕیاری سیاسی لە بەغداوە رێی تێدەچێت، بەڵام ئەو ئەگەرەی بە "دوور" زانی.
دۆخەکە بەرەو چەقبەستووییەکی سیاسی براوە و سیمای دوو زۆنی و دوو ئیدارەیی پێوە دیارە، تەنها چارەسەریش لای لایەنە دەسەڵاتدارەکانە کە کۆتایی بەم دۆخە بهێنن.