عەلی حەمە ساڵح بۆ پەنجەرە: هەرێم نەوت ڕادەست ناکات و ڕەنگە بیەوێت خۆی هەناردەی بکات

٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٣٦ پاش نیوەڕۆ

عەلی حەمە ساڵح بۆ پەنجەرە: هەرێم نەوت ڕادەست ناکات و ڕەنگە بیەوێت خۆی هەناردەی بکات

 

پەنجەرە

سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بابەتی نەوت و موچەدا تەواو ناکۆکن، ئاماژە بەوەشدەکات هەرێم نەوت ڕادەست ناکات و ڕەنگە خۆی هەناردەی دەرەوەی بکات.

عەلی حەمەساڵح، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ئەوە تۆمارکراوە دەبێت هەرێم نیوەی داهات ڕادەستی عێراق بکات، بەڵام بەرپرسانی هەرێم دەڵێن نیوەی داهاتی باج و گومرگ رادەست دەکەین، بەڵام داهاتی ڕسومات کە پارەی ئاو و کارەبا و فەرمانگە حکومییەکان دەگرێتەوە، ڕادەست ناکەین؛ ئەمەش بووەتە مایەی ناکۆکی گەورە.

دەشڵێت: بەرپرسانی هەرێم دەستبەرداری نەوت نابن، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە 190 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و عێراق داوای 140 هەزار بەرمیلی دەکات، تا لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕادەستیان بکرێت، هەرێم ئەمەش ناکات.

حکومەتی عێراق موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێمی ڕەوانە کرد، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم تائێستا نەوتی ڕادەست نەکردووە و تەنها 120 ملیار دیناری پارەی داهاتی ناوخۆی رەوانەی بەغدا کردووە.

عەلی حەمەساڵح، دەڵێت: عێراق متمانەی نەماوە، بۆیە ڕەوانەکردنی موچەی مانگی شەشی بە ڕادەستکردنی نەوت و ناردنی داهاتەوە گرێداوە.

لەلێکەوتەکانی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023ـەوە لەڕێگەی بۆڕییەوە ڕاگیرا، کە تاپێش ئەو وادەیە هەرێم لەڕێگەیەوە نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی دەفرۆشت.

عەلی حەمەساڵح، وتیشی: دادگای پاریس بۆیە دژ بە گواستنەوەی نەوتی هەرێم بڕیاریدا، چونکە عێراق تا ساڵی 2026 لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنی هەبووە، بەڵام ڕێککەوتنەکە ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، ڕەنگە بەرپرسانی هەرێم بیانەوێت جارێکی تر خۆیان نەوت هەناردە بکەنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو