ململانێی پارتی و سودانی مشعان جبوریشی گرتەوە
٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
مشعان جبوری سیاسەتوانی دیار و ناسراوی سوننە و نزیك لە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێرشی توندی كردە سەر محەمەد شیاع سودانی و جیابوونەوەی خۆی لە پرۆژە سیاسیەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند و دەڵێت: "سودانیی گۆڕاوە و خۆی بە كەسی یەكەمی دەسەڵات دەبینێت."
جبوری لە رێگای دیمانەی میدیایەكی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كە پەنجەرە بینیویەتی، شەوی ڕابردوو، هێرشی توندی كردە سەر محەمەد شیاع سودانی و بەوە تۆمەتباری كرد كە دەستی داوەتە "تاكڕەویی و گەندەڵی و بە شێوەی جێبەجێكردنی ڕاستەوخۆ پرۆژەی قەبەو گرانبەها دەداتە كاندیدەكانی بۆ ئەوەی سوودمەندبن."
بەقسەی مشعان جبوری هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوودانی لە ئەستۆی سەرۆكوەزیرانە كە لە ساڵی كۆتایی ویلایەتەكەیدا لەخۆی گۆڕاوە و خۆی وەك كەسایەتی یەكەمی دەسەڵات دەبینێت و تەنیا گرنگی بەوانە دەدات لە پرۆژەكەیدا پشتیوانی دەكەن و دەستی بە گەندەڵی كردووە.
هاوكات لەگەڵ رەخنەكانیشدا جبوری ستایشی ئاوەدانكارییەكانی سەردەمی سودانی و دابەزینی ئاستی تایفەگەری لەسەردەمی ئەودا كرد و باسی لەوەشكرد هەموو بڕیارێكی بەدەست نییە و لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە كۆتوبەند كراوە.
مشعان جبوری سیاسیەكی سووننەی سرت و دەركەوتووە و سەرۆكی حیزبی ئەلوەتەنە لە پارێزگای سەلاحەدین و پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە.
لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان چووەتە بەرەی نەیارەکانی سودانییەوە پاش ئەو هەڵوێستانەی بەم دواییانە لەبارەی پرسی موچە و بودجەی هەرێم نواندی.