ئەو ڕۆژەی گهریلاكان چەکەکانیان سوتاند چی ڕوویدا؟
٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
رۆژی 11ـی تەموزی ئەمساڵ، گروپێکی 30 گهریلای پهكهكه، بە ئامادەبوونی نوێنەری ژمارەیەک وڵات و کەسایەتی سیاسی و نوێنەری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، چەکەکانیان سوتاند، ئەمەش وەکو بەدەمەوەچوون بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان و زەمینەسازیی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
پێش سوتاندنی چەکەکان
پێش ئەوەی گروپە گهریلا 30 کەسییەکە چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنوری سلێمانی بسوتێنن، پهكهكه گەرەنتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەی بەبێ "پیلانگێڕیی" و دەستوەشاندن لەو گروپە وەرگرتبوو.
لە ڕۆژی 11ـی 7، گروپە چەکدارە گهریلا کە (بەسێ هۆزات) هاوسەرۆکی كهجهكه لە نێویاندا بوو، لەلایەن هێزێکی ئەمنی یەکێتی و لەچوارچێوەی رێوشوێنی ئەمنی تونددا، لە قەندیلەوە بۆ ئەشکەوتی جاسەنە گوازرانەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، پێش پرۆسەی سوتاندنی چەکەکان، بەرپرسێکی باڵای تورکیا لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆبووەتەوە و دڵنیایی پێداون پرۆسەی سوتاندنی چەکەکان بەبێ کێشە تێدەپەڕێت.
چەند سەرچاوەیەک ئەوەیان بە پەنجەرە ڕاگەیاند کە بەرپرسەکەی تورکیا لەگەڵ نوێنەری پهكهكهشدا کۆبووەتەوە بۆ پێدانی دڵنیایی، بەڵام نەتوانرا ئەم زانیارییە لە سەرچاوەی دیکەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
بەمپێیە پێش ئەنجامدانی مەراسیمەکەی ئەشکەوتی جاسەنە و هاتنە خوارەوەی گروپە گهریلاکە لە قەندیل، تورکیا دڵنیایی دابوو لەوەی هێرش ناکاتە سەر ئەو گروپە و پرۆسەکە بە بێ کێشە تێپەڕدەبێت.
داواکاریی عێراق و تورکیا لە گەریلاکان
عێراق داوای لە پهكهكه کردبوو چەکەکان ڕادەستی ئەوان بکرێت و لەکاتی مەراسیمی چەک سوتاندنەکەشدا ئاڵای عێراق دابنرێت، بەو پێیەی پرۆسەکە لەناو خاکی عێراق و لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەڵام گهریلاكان و بە تایبەت خودی (بەسێ هـۆزات) هاوسەرۆکی کەجەکە، ڕادەستکردنی چک و هەڵکردنی ئاڵای ڕەتکردبوویەوە و جەختی کردبوویەوە چەکەکان ڕادەست ناکەن و دەیسوتێنن.
لە فەرهەنگی سیاسییدا سوتاندنی چەک جیاوازە لە ڕادەستکردن
لە ڕۆژی 11ـی تەموزدا کاتێک گروپە گهریلا 30 کەسییەکە چەکەکانیان سوتاند، نوێنەری چەند رێکخراوێکی تورکی ئامادەی مەراسیمەکە بووبوون، کە گومان دەکرێت لە ژێر ناوی رێکخراودا هاتبن، ئەگەرنا وەفدی فەرمی بووبن.
هەرچەندە تۆماری چەکەکان و ناوی گهریلاکان رادەستی رێکخراوە تورکییەکان کرابوو، بەڵام ئەو رێکخراوانە داواکاری تریان خستبووەڕوو، بەڵام لەلایەن گهریلاکانەوە داواکارییەکانیان رەتکرابوویەوە.
داواکاریی رێکخراوە تورکییەکان ئەوەبوو، دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە چەکەکان بەجێبهێڵرێن تا ئەوان بیسوتێنن، بەڵام هەر دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە چەکدارێکی پهكهكه چەکەکەی خستە نێو کورەی ئاگرەکەوە و ئەو پەیامەکەی گەیاند کە خۆیان ئەو کارە دەکەن.
لە فەرهەنگی سیاسییدا سوتاندنی چەک جیاوازە لە ڕادەستکردن، بەوپێیەی سوتاندن بەمانای کۆتایی هاتنی قۆناغێک و دەستپێکی قۆناغێکی تر دێت، نەک تەسلیم بوون و خۆڕادەستکردن.
ئەرکی داهاتووی گروپە 30 کەسییەکە
ئەو گروپە گهریلایەی لە مانگی رابردوو چەکەکانیان سوتاند، لەلایەن (بەسێ هـۆزات)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێن، لە ئێستادا ناوی "گروپی ئاشتی"ـیان لێنراوەو بەشێکی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان خراوەتە ئەستۆ. وەکچۆن لە ڕۆژی مەراسیمی سووتانی چەکەکانیان لە قەندیلەوە هێنران، ئاواش دوای مەراسیمەکە گەڕێنراونەتەوە ئەوێ.
گروپی ئاشتی ئامادەکراون بۆ هەر گفتوگۆ و دانوستانێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ
گروپی ئاشتی، نوێنەرایەتی ئەم قۆناغە دەکەن کە قۆناغی دانوستان و ئاشتییە، گروپەکە بە شێوەیەکی دیراسەکراو لەنێو ئۆرگانەکانی پهكهكهدا دەستەبژێر کراون، بەجۆرێک نوێنەری سەرکردایەتی، ژنان، میدیا و گهریلای ئاساییان تێدایە و کارەکانیان بەوردیی رایی دەکەن.
گروپەکە ئامادەکراون بۆ گفتوگۆ و دانوستان سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە تورکیا، بە تایبەت هەر گفتوگۆ و دانوستانێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بێتە ئاراوە لەلایەن ئەم گروپەوە ئەنجام دەدرێن، بەوانەی شاندی ئیمرالی و دەمپارتییشەوە.
مەرجی پهكهكه بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی و چەک سوتاندن لەلایەن گروپی ترەوە ئەوەیە، دەبێت تورکیا هەنگاوی کرداریی بۆ پرۆسەکە بنێت و ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە هەنگاوی جدی بنێت، لە حاڵەتی چەکسوتاندنی هەر گروپێکی تردا (گروپی ئاشتی) سەروکاری بابەتەکە دەکەن.
نەیارانی پرۆسەی ئاشتی
لەکاتێکدا پهكهكه هەنگاوی کرداری بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی ناوە و تورکیاش کۆمیسیۆنێکی لە پەرلەمان پێکهێناوە، بەڵام هێشتا بێمتمانەیی لە نێوان هەردوولادا هەیە.
لە چەند مانگی رابردوودا، ژمارەیەک سەربازی تورکیا لە نێو ئەشکەوتێکی قەندیلدا بە گازی میسان گیانیان لەدەستدا، ئەو باڵە سەربازییەی سوپا کە دژی پرۆسەی ئاشتین هەوڵیاندا پهكهكه تۆمەتبار بکەن، بەڵام بەرپرسانی تورکیا کە لەم قۆناغەدا پشتگیری پرۆسەی ئاشتی دەکەن، هەوڵیاندا کوژرانی ئەو سەربازانە کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی نەبێت.
پهكهكه کوژرانی ئەو سەربازانە لە نێو ئەشکەوتێکدا بە گازی میسان بە پیلان دەبینێت، پێیانوایە سوپا هەرگیز 18 سەرباز پێکەوە ڕەوانەی ناو ئەشکەوتێک ناکات، بەڵکو هەر مەفرەزەیەکی سوپا لە 5 کەس پێکدێن.
سەرباری هەوڵەکانی ئاک پارتی و مەهەپە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەڵام هێشتا ژمارەی ئەو هێز و گروپ و رێکخراوانە کەم نین، کە نەیاری پرۆسەکەن و هەوڵی شکستپێهێنانی دەدەن.