گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت وەستاون، یه‌كێتى چاوه‌ڕێی وه‌ڵامى پارتییه
٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٩:٤٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵا و به‌شدار له كۆبونه‌وه‌كانى پارتى و یەکێتیی سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باس له‌وه‌ده‌كات گفتوگۆكان "بەتەواوی وەستاون"، ده‌شڵێت: یه‌كێتى داواى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كات و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامى پارتییه.
یه‌كێتى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمى ده‌وێت
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە وتی: یەکێتیی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کردووە، به‌ڵام پارتى به‌و داوایه رازیی نه‌بووه.
وتیشی: هەروەها یه‌كێتى داوای یەکێک لە پۆستەکانی وەزارەتی ناوخۆ یان ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە، چونکە وه‌كخۆیان وتویانه "ناکرێت تەواوی مەنزومەی ئەمنی کوردستان لای پارتی بێت."
ڕێککەوتن لەسەر کارنامە و میکانیزم
سەرەڕای وەستانی گفتوگۆکان لەسەر پۆستەکان، ئەو سەرچاوە باڵایە ئاشکرای کرد کە لەسەر چەند خاڵێکی گرنگی کارنامەی حکومەت و میکانیزمی کارکردن ڕێککەوتن کراوە، لەوانە:
یەکخستنی داهات: هەرێمی کوردستان دەکرێت بە یەک زۆنی ئابووری بۆ کۆکردنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و سەرچاوەکانی دیکەی داهات. پڕۆژەکانیش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دابەش دەکرێن، نەک وەک ئێستا کە هەر پارێزگایەک پشت بە داهاتی خۆی دەبەستێت.
کۆتاییهێنان بە حکومەتی سێبەر: ڕێککەوتوون لەسەر نەهێشتنی "حکومەتی سێبەر" لەناو ئەنجومەنی وەزیران و پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە وەزیرەکان بەپێی یاسا.
هاوبەشیی ڕاستەقینە: دەبێت یەکێتی لە هەموو فەرمانگە و جومگەکانی حکومەتدا "بوونێکی فعلی" هەبێت.
بڕیاردان بە تەوافوق: بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنەمای تەوافوقی نێوان لایەنە سەرەکییەکان دەبن، نەک بە زۆرینەی دەنگ.
شێوازی نوێی دانوستان
سەرچاوەکەی ڕوونیکردەوە کە شێوازی دانوستانەکانی ئەمجارە جیاواز بووە. وتی: "ئەمجارە وەک پێکهێنانی کابینەی نۆیەم گفتوگۆمان نەکردووە. هەردوولامان وەرەقەی داواکاریی خۆمان بۆ پۆستەکان خستەسەر مێزی گفتوگۆ، دەرکەوت لەسەدا 70%ـى پۆستەکان هەردوولامان داوامان کردوون."
كه‌ى حكومه‌ت پێكدێت؟
سه‌رچاوه‌كه باسی له‌وه‌كرد هه‌ندێك نه‌رمی نواندن هه‌بووه به‌رامبه‌ر به یه‌كتری، به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه، به‌ڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی له‌وباره‌وه نه‌دراوه.
ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌یش كه كه‌ى كابینه‌ى نوێ پێكدێت؟ سه‌رچاوه‌كه رایگه‌یاند گفتوگۆكان وه‌ستاون و هیچ شتێك ڕوون نییه.