"سندوقی خانەنشینی" بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکەی هەرێم، فەرمانبەران دەخاتە ژێر باری قەرزێکی 10 ساڵەوە
٦ ئاب ٢٠٢٥ - ٣:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره، فهرمان سادق
جێبەجێنەکردنی یەکێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی، نەک هەر بۆشاییەکی یاسایی و ئابووریی دروستکردووە، بەڵکو ئێستا باری سەرشانی فەرمانبەرانیشی قورستر کردووە و خستوونیەتیە ژێر قەرزێکی 10 ساڵەی ڕابردووەوە. لە کاتێکدا چارەنووسی ملیۆنان دۆلاری پارەی هەڵگیراوی خانەنشینیی فەرمانبەران بە نادیاری ماوەتەوە، شارەزایان ئەم بارودۆخە بە "توندوتیژیی ئابووری" ناودەبەن.
بڕیارێکی نوێی وەزارەتی دارایی عێراق، کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا دەرچوو، جارێکی دیکە پرسی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان هێنایەوە بەرباس.
بەپێی بڕیارەکە، دەبێت فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم جیاوازیی ڕێژەی لێبڕینی خانەنشینی کە دەکاتە 3%، بۆ ماوەی دە ساڵ و شەش مانگ (لە 1ـى کانوونی دووەمی 2014 تاوەکو 1ـى تەممووزی 2024) بگەڕێننەوە. ئەمەش بەشێوەیەک جێبەجێ دەکرێت کە فەرمانبەرانی لەکاردا لە ماوەی 36 مانگ و خانەنشینان لە ماوەی 60 مانگدا بڕە پارەکە بدەنەوە.
هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە سندوقی خانەنشینیی تایبەت بەخۆی هەبێت
ئەم بڕیارەی بەغدا دەرەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی سندوقێکی خانەنشینیی سەربەخۆیە لە هەرێمی کوردستان، کە حکومەتەکانی یەک لەدوای یەکی هەرێم، نەیانتوانی دایبمەزرێنن.
بەڵێنێکی 21 وشەیی کە جێبەجێ نەکرا
لە کارنامە حەوت بەشییهكهى کابینەی نۆیەمدا، کە لە 10ـى تەممووزی 2019 لەبەردەم پەرلەماندا خرایهڕوو، خاڵی یازدەیەم لە بەشی چاکسازی بەمشێوەیە هاتبوو: "یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم کارا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرەنتیی مافەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بکات."
بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر ئەم بەڵێنەدا، نەک هەر سندوقەکە دانەمەزرا، بەڵکو وەک پەرلەمانتارێکی پێشوو، عەلی حەمەساڵح، ئاماژەی پێدەدات، "ئەنجومەنی وەزیران هیچ پڕۆژە یاسایەکیشی بۆ پێکهێنانی ئەو سندوقە ئاراستەی پەرلەمان نەکرد."
ئەم کەمتەرخەمییە بۆشاییەکی یاسایی دروستکرد کە وایکرد حکومەتی عێراق، بەپشتبەستن بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ـى ساڵی 2014، دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەم کەرتە گرنگەی هەرێمدا بسەپێنێت.
پەرلەمانتارێکی خولی پێشوو جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بەپێی دەستوور، هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە سندوقی خانەنشینیی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام بەهۆی نەبوونییەوە، ڕێگە بۆ بەغدا خۆش کرا."
پارەی خانەنشینیی فەرمانبەران چی بەسەر هاتووە؟
بۆ دەیان ساڵە، مانگانە ڕێژەیەک پارە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ناوی "بەشداریی خانەنشینی" دەبڕدرێت، بەڵام وەک عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "کەس نازانێت ئەو پارانە چییان بەسەر هاتووە و لە کوێ خەرج کراون."
هەرێم یاسای تایبەت بە سندوقی خانەنشینیی هەبووایە، یاساکەی عێراقي بەسەردا جێبەجێ نەدەکرا
عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، توندتر قسە دەکات و پێیوایە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتێکی گشتیی نەبوونی شەفافیەت. ئەو دەڵێت: "لە نۆ کابینەی ڕابردوودا، پارتی و یەکێتی نەیانویستووە خەزێنەیەکی گشتیی ڕاستەقینە هەبێت بۆ پاراستنی داهاتەکان، بۆیە نەک هەر پارەی خانەنشینی نەپارێزراوە، بەڵکو پارەی سندوقی شێرپەنجەش براوە."
بە وتەی گوڵپی، ئەگەر هەرێم یاسای تایبەت بە سندوقی خانەنشینیی هەبووایە، "یاساکەی عێراق بەسەر هەرێمدا جێبەجێ نەدەکرا و فەرمانبەران ناچار نەدەبوون باجی ئەم قەرزە نوێیە بدەن."
"توندوتیژیی ئابووری" بەرامبەر فەرمانبەران
بارگرانیی ئەم قەرزە نوێیە لە کاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێم لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سەختترین قەیرانی دارایی بوونەتەوە، بهشێوهیهك 16 مووچەیان بە تەواوی وەرنەگرتووە، 34 مووچەیان بە سیستمی پاشەکەوت و 10 مووچەی دیکەشیان بە لێبڕینەوە پێدراوە. ئێستا داوای پارەی خانەنشینیی ئەو ساڵانەیان لێ دەکرێت کە تێیدا مووچەی تەواویان وەرنەگرتووە.
د. ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابووری، ئەم دۆخە بە "توندوتیژیی ئابووری" پێناسە دەکات. ئەو دەڵێت: "پرسی لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەران داهات نییە بۆ حکومەت، بەڵکو ئەمانەتە. حکومەتی هەرێم لەم پرسەدا ڕاستگۆ نەبوو، بۆیە سەپاندنی ئەم 3%ـە بەسەر فەرمانبەراندا، کە لە بنەڕەتدا مووچەی خۆی وەرنەگرتووە، ڕێک پێی دەوترێت توندوتیژیی ئابووری."
بەمشێوەیە، فەرمانبەری هەرێم دووجار بووەتە قوربانیی؛ جارێك بهوهى چارەنووسی پارەی خانەنشینیی دەیان ساڵی ڕابردووی نادیارە، جارێكى دیكهش لهوهدا كه ناچارە قەرزێکی نوێ بداتەوە!