هێزی پێشمەرگەی کاکەیی چۆن کەرت و پەرتکرا؟
٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەو هێزە هاوبەشەی کە یەکێتی و پارتی بۆ پاراستنی کەمینەکان و ناوچەکانی کاکەیی لە پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا پێکیانهێنابوو، هەڵوەشێنرایەوە، فەرماندەیەکی هێزەکەش دەڵێت هەموو کاکەییەکان نیگەرانن بەو هەنگاوە.
هێزی پێشمەرگەی کاکەیی لە فەوجێک و چوار سریە پێکهاتبوو، سێ سریەیان ئەرکی ناوچەکانی کاکەیان پێ سپێردرابوو لە سنووری کەرکوک، بەڵام سریەکەی تر لەناوچەی خازر جێگیرکرابوون.
ژمارەی پێشمەرگەکانی فەوجی کاکەیی سەرەتا 688 پێشمەرگە بووە، بەڵام بەهۆی وازهێنان و شەهید بوونەوە دواتر ژمارەیان بۆ 500 پێشمەرگە کەمبوویەوە، فەرماندەی هێزەکە موقەدەم مەریوان کاکەیی و جێگرەشی موقەدەم فەرهاد کاکەیی بووە.
هێزی پێشمەرگەی کاکەیی تێکەڵەیەک بوون لە یەکێتی و پارتی، موقەدەم مەریوانی فەرماندەی فەوجەکە یەکێتی و موقەدەم فەرهاد جێگری فەرماندەی فەوج پارتی بووە، بەڵام لە ئێستادا هێزەکە هەڵوەشێنراوەتەوەو بەسەر هێزە جیاوازەکاندا دابەشکراون.
کاکەییەکان هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو فەوجەکە بکرێتە لیوا
موقەدەم فەرهاد کاکەیی، جێگری فەوجی پێشمەرگەی کاکەییەکان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هەموو خەڵکی کاکەیی نیگەران بوون لە هەڵوەشاندنەوەی فەوجی پێشمەرگەی کاکەیی، چونکە هیوایان لەسەر فەوجەکە هەڵچنیبوو بکرێتە لیوا و پشتی پێببەستن."
بەپێی وتەی فەرماندەکانی فەوجی کاکەیی، لەکاتی شەڕی داعشدا نزیکەی 10 پێشمەرگەیان لێ شەهید بووە و 15 بۆ 20 پێشمەرگەشیان لێ برینداربووە.
هێزەکەی پێشمەرگەی کاکەیی کە پێشتر لەناوچەی خازر جێگیرکرابوون، خراونەتە سەر هێزەکانی زێرەڤانی و ژمارەیان نزیکەی 100 کەس بووە، بەڵام پێشمەرگەکانی تر بەسەر هێزە جیاوازەکانی یەکێتی و پارتیدا دابەشکراون.
موقەدەم فەرهاد، وتی: "کاکەیی قوربانی بۆ کوردستان داوە و خۆ نابینە حەشد، بەڵام بەداخەوە بە هەردوو حزبەکەوە دژایەتییان کردین."