ناکۆکی نێوان مالکی و سودانی لایەنە کوردییەکانی پەرتکردووە

٨ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٥٤ پێش نیوەڕۆ

ناکۆکی نێوان مالکی و سودانی لایەنە کوردییەکانی پەرتکردووە

په‌نجه‌ره‌

لە کاتێکدا گۆڕەپانی سیاسیی عێراق خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئامادە دەکات، ململانێیەکی شاراوە و ئاشکرا لە نێوان دوو کەسایەتیی دیاری شیعە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، و نووری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووتر، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر لایەنە کوردییەکان دروست کردووە و بەرەو پەرتەوازەیی و دابەشبوون بەسەر دوو جەمسەری ڕکابەردا بردوونی.

ئەم ناکۆکییە، کە لە بنەڕەتدا کێبڕکێیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی جڵەوی دەسەڵات لە عێراقی داهاتوودا، وایکردووە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناچاربن پێگەی خۆیان لە هاوکێشە نوێیەکەدا دیاری بکەن، ئەمەش دابەشبوونێکی بێوێنەی لە هەڵوێستیاندا لێکەوتووەتەوە.


ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکە: سودانی بەرامبەر مالکی

هەرچەندە هەردووکیان سەر بە "چوارچێوەی هەماهەنگی"ـی شیعەن کە حکومەتەکەی سودانی پێکهێنا، بەڵام خواست و بەرژەوەندییە جیاوازەکان وایانکردووە بکەونە ڕووبەڕووی یەکتر. نووری مالکی، کە خۆی بە یەکێک لە ئەندازیارانی سەرەکیی هێنانی سودانی بۆ دەسەڵات دەزانێت، هەست دەکات سەرۆک وه‌زیران لە هەوڵی دروستکردنی بنکەیەکی جەماوەری و سیاسیی سەربەخۆدایە، بەتایبەت لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕەوتی "فوڕاتەین" دواتر لیستی بونیادنان و په‌ره‌پێدان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە. بەپێی چاودێرانی سیاسی، مالکی ئەم هەنگاوانە بە هەڕەشە بۆ سەر پێگەی خۆی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەبینێت.

لەلایەکی دیکەوە، سودانی دەیەوێت لەژێر سێبەری چوارچێوەی هەماهەنگی بێتە دەرەوە و وەک سەرکردەیەکی نیشتمانیی بەهێز دەربکەوێت کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیە، ئەمەش وایکردووە لەگەڵ بەشێک لەو هێزانەی پێشتر دژایەتییان دەکرد، وەک ڕەوتی سەدر، دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە.


دابەشبوونی کورد لە نێوان دوو بەرەدا

ئەم ململانێیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر لایەنە کوردییەکان هەبووە و هەریەکەیانی بە ئاراستەیەکدا بردووە. بەپێی بەدواداچوونێکی پەنجەرە، نەخشەی دابەشبوونەکە بەم شێوەیەیە:

پارتی دیموکراتی کوردستان: پارتی، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی سودانی بەهۆی کێشەکانی بودجە، مووچەوه‌ گەیشتووەتە ئاستێکی ئاڵۆز، ئێستا ستراتیژی "دوژمنی دوژمنەکەم، دۆستمە" پەیڕەو دەکات. ناکۆکییەکانی لەگەڵ سودانی وایکردووە تا ڕادەیەکی بەرچاو لە نووری مالکییەوە نزیک ببێتەوە، بەو هیوایەی لە حکومەتی داهاتوودا هاوپەیمانێکی بەهێزتری هەبێت بۆ مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: یەکێتی هەڵوێستێکی "ناوبژیوان"ـی هەڵبژاردووە و نایەوێت بە تەواوی خۆی لەسەر هیچ کام لە جەمسەرەکان یەکلایی بکاتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم ستراتیژە، پاراستنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە بۆ خولی داهاتوو. یەکێتی دەزانێت کە لایەنگریی تەواو لە هەر کام لە سودانی یان مالکی، ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی پشتیوانیی لایەنەکەی تر بۆ بەربژێرەکەیان، بۆیە هەوڵ دەدات دەرگای پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوولادا کراوە بهێڵێتەوە.

جووڵانەوەی نەوەی نوێ: نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتیی شاسوار عەبدولواحید، بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆی لە بەرەی محەمەد شیاع سودانی جێگیر کردووە. ئەم نزیکبوونەوەیە وەک هەلێک دەبینرێت بۆ ئەوەی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی هەرێم، لە بەغدا پێگەیەکی حکومی بەدەست بهێنێت و ببێتە بەشێک لە حکومەتی داهاتوو.

ڕەوتی هەڵوێست: ئەم ڕەوتە نوێیە کە لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە سەرپەرشتی دەکرێت، هەوڵ دەدات هاوسەنگی لەنێوان هەردوو بەرەکەدا ڕابگرێت. بەپێی زانیارییەکان، ڕەوتی هەڵوێست داوای لە هەردوو لایەن کردووە کە پارێزگاری لە دەنگەکانیان بکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وساخته‌كاریی نه‌كرێت له‌ هه‌ڵبژاردندا، بەڵام هیچ بەڵێنێکی فەرمیی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوودا نەداوە و چاوەڕێی ڕوونبوونەوەی زیاتری دیمەنەکە دەکات.


ڕەهەندی نێودەوڵەتی: بەرژەوەندییەکانی تاران و واشنتۆن

ململانێی سودانی و مالکی تەنها ناوخۆیی نییە، بەڵکو ئەجێندای دەرەکیشی تێکەڵ بووە. 

ئێران، کە خاوەنی نفوزی باڵایە لە عێراق، نیگەرانە لە پەرتەوازەبوونی ماڵی شیعە. ستراتیژی تاران ئەوەیە کە ڕێگە نەدات ناکۆکییەکان بگاتە ئاستی دابڕان و هەوڵ دەدات دوای هەڵبژاردنیش هەموو لایەنە شیعەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەک ئەوەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کردی.

لەکاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاراستەیەکی جیاوازتری هەیە. واشنتۆن خوازیاری حکومەتێکی ناوەندیی بەهێزە لە بەغدا کە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا بسەپێنێت و سەقامگیریی ئابووری و ئەمنی بهێنێتە ئاراوە. لەم ڕوانگەیەوە، هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مەیلی بەلای سودانیدا هەیە، چونکە وەک کەسایەتییەکی پراگماتیتر و کراوەتر دێتە بەرچاو.

لەکۆتاییدا، دابەشبوونی لایەنە کوردییەکان لەسەر کێبڕکێی نێوان سودانی و مالکی، نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی کوردی لە بەغدا زیاتر لە جاران پەیوەست بووە بە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناو ماڵی شیعەوە. بڕیاری هەر لایەنێک لەم قۆناغەدا، نەک تەنها چارەنووسی پێگەی لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا دیاری دەکات، بەڵکو کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر دۆزی کورد و سەقامگیریی سیاسیی گشتیی وڵاتەکەش دەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو