سودانی دهیهوێت یاسای حەشدی شەعبی بە دڵی ئەمەریکا بگۆڕێت
٨ ئاب ٢٠٢٥ - ١١:٢١ پێش نیوەڕۆ
پهنجهره
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداوە بە پهنجهرهی ڕاگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای نوێی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، بە شێوازێک کە هەم لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕازی بکات و هەم نیگەرانییەکانی ئەمهریکاش بڕەوێنێتەوە و ڕێگری لە سەپاندنی سزای نوێ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، سودانی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمهریکی و هەوڵدەدات پێیان بسەلمێنێت کە باشترین ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و سنووردارکردنی جموجۆڵەکانیان، بریتییە لە بەیاساییکردن و بەدامەزراوەییکردنی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا.
سەرچاوەکە وتیشی: "ئامانج لەم هەوڵە ئەوەیە کە یاسایەک دەربچێت مافەکانی وەک پلەبەرزکردنەوە، مووچە، خانەنشینی و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بۆ حەشدی شەعبی مسۆگەر بکات، هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکانی دیکەی وڵات، کە ئەمە داواکاریی سەرەکیی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە. لە هەمان کاتدا، کار لەسەر ئەوە دەکرێت ئەو بڕگە و ماددانەی کە جێگەی نیگەرانیی واشنتنن هەموار بکرێنەوە، تا یاساکە ببێتە مایەی ڕەزامەندیی ئەوانیش."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە نیگەرانییەکان تەنها ئەمهریکى نین، بەڵکو وڵاتانی کەنداویش بە گومانەوە لە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی حەشد دەڕوانن، بەتایبەت کە لە ڕابردوودا هەندێک لەو وڵاتانە لەلایەن گرووپە نزیکەکان لە حەشدەوە کراونەتە ئامانج. بۆیە سودانی دەیەوێت یاساکە بە جۆرێک بێت کە پەیامێکی دڵنیاکەرەوەش بۆ وڵاتانی ناوچەکە بنێرێت.
لە کۆتاییدا، سەرچاوە ئاگادارەکە لە بەغدا جەختی کردەوە کە "تا ئێستا ڕوون نییە ئاخۆ ئەم هەوڵەی سودانی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت یان نا، بەڵام ئەمە جووڵەیەکی سیاسیی گرنگە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان فشارەکانی ناوخۆی شیعە و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەلایەن ئەمهریکاوه."
پرۆژە یاسای "ماف و ئیمتیازاتی کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی" هەوڵێکە بۆ یەکسانکردنی تەواوەتیی مووچە، پلە سەربازییەکان، مافی خانەنشینی و سەرجەم ئیمتیازاتەکانی دیکەی چەکدارانی حەشد لەگەڵ هاوتاکانیان لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ. لایەنەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگیی" شیعە پشتگیریی دهكهن و بە مافێکی ڕەوا و پاداشتی قوربانیدانیان لە شەڕی دژی داعشدا دەزانن، لایەنە کوردی و سوننەکان نیگەرانیی جدییان هەیە لهبارهیهوه، هاوكات ئهمهریكاش به توندی دژی یاساكهیه و به بههێزكردنى حهشد و لهڕێگهى ئهویشهوه ئێران له عێراقدا دهزانێت، ههربۆیه ههفتهى ڕابردوو ههڵسوڕێنهرى باڵیۆزخانهى ئەمهریکا له كۆبوونهوهى لهگهڵ جێگری سهرۆكی ئهنوجومهنى نوێنهرانى عێراق، هۆشدارییدا له تێپهڕاندنى یاساكه. بههۆی ئهم ناكۆكیانهشهوه تائێستا یاساكه پاش دوو خوێندنهوه، دهنگدان لهسهرى ئهنجام نهدراوه.