نەخشەی سامانی نەوتیی هەرێمی کوردستان: کام کێڵگە چەندی لێ بەرهەم دێت؟

١٠ ئاب ٢٠٢٥ - ١٢:١١ پاش نیوەڕۆ

نەخشەی سامانی نەوتیی هەرێمی کوردستان: کام کێڵگە چەندی لێ بەرهەم دێت؟

په‌نجه‌ره‌

کەرتی نەوت و گاز، دڵی ئابووریی هەرێمی کوردستان و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتییەتی. ئەم سامانە ژێرزەمینییە لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە تا دەگاتە ناوچەکانی گەرمیان بڵاوبووەتەوە، بەڵام قەبارەی کێڵگەکان و ئاستی بەرهەمهێنانیان جیاوازە. 

بەدواداچوونێکی وردی پەنجەرە، پانۆرامایەکی ڕوونی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە جیاوازەکانی هەرێمدا دەخاتەڕوو، کە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.


پاشخانی بابەتەکە:

کەرتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری بووەتەوە، بەتایبەت لەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە (ئازاری 2023) و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

ئەم ڕووداوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نزیکەی سەرجەم کێڵگەکان داناوە و بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهات و وەستانی کاری گەشەپێدان لە بەشێک لە کێڵگەکاندا.

له‌خواره‌وه‌ وردەکاریی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێم دەخەینەڕوو.


یه‌كه‌م: کێڵگەکانی گەرمیان و چەمچەماڵ، ناوەندێکی گرنگ بەڵام بە بەرهەمی کەمه‌وه‌

* کێڵگەی سەرقەڵا: ئەم کێڵگەیە کە دەکەوێتە سنووری گەرمیان، پێشتر یەکێک بوو لە کێڵگە بەرهەمدارەکان و ڕۆژانە 32 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرا. بەڵام بەهۆی کێشەکانی هەناردەکردن و هۆکاری تەکنیکییەوە، ئێستا بەرهەمی بۆ نزیکەی 7 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

* کێڵگەی چیاسورخ: وەک کێڵگەیەکی بچووک پۆلێن دەکرێت. لە ڕابردوودا ڕۆژانە نزیکەی 3 بۆ 4 هەزار بەرمیلی لێ بەرهەم دەهێنرا، بەڵام لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی زۆر کەمبووەتەوە و راگیراوه‌.

* کێڵگەی غازی کۆرمۆر: ئەم کێڵگە ستراتیژییە کە لە سنووری قەزای چەمچەماڵە و لەلایەن کۆمپانیای "دانا غاز"ـەوە بەڕێوەدەبرێت، جگە لە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆری غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا، ڕۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل "کۆندێنسەیت" (جۆرێکی سووکی نەوت)ـی لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا ساغ دەکرێتەوە.


دووەم: هەولێر و خورمەڵە، زەبەلاحەکەی هەرێم

* کێڵگەی خورمەڵە: بە یەکێک لە گەورەترین و کۆنترین کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەلایەن کۆمپانیای "کار"ـەوە بەڕێوەدەبرێت. پێشتر ئاستی بەرهەمهێنانی دەگەیشتە 90 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەرچەندە ڕاگرتنی هەناردە کاریگەری لەسەر داناوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە بەرهەمەکەی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان بەکاردەهێنرێت.

* کێڵگەی لایسەنس (License): کێڵگەیەکی بچووکترە و دەکەوێتە نزیک خورمەڵەوە، ڕۆژانە نزیکەی 9 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت.


سێیەم: کێڵگەکانی دهۆک، دڵی نه‌وتى هەرێم

ناوچەی دهۆک میوانداریی چەندین کێڵگەی گەورە و ستراتیژی دەکات کە کۆی بەرهەمی زۆربەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمیان پێکدەهێنا.

* کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخاپوور: کە لەلایەن کۆمپانیای "DNO"ـی نەرویجییەوە بەڕێوەدەبرێن. پێش ڕاگرتنی بۆریی نەوت و هێرشە درۆنییەکان، ڕۆژانە 84 هەزار بەرمیل نەوتیان لێ بەرهەم دەهێنرا. ئێستا ئەم ڕێژەیە بۆ نزیکەی 56 هەزار بەرمیل دابەزیوە و بەشێکی بۆ بازاڕی ناوخۆیی عێراق دەفرۆشرێت.

* کێڵگەی ئەتروش: یەکێکی دیکە لە کێڵگە گرنگەکانە و ڕۆژانە نزیکەی 35 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەرهێنرا، بەڵام ئێستا بەهەمان شێوە ئاستی بەرهەمی کەمیکردووە.

* کێڵگەی سەرسەنگ: ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت.

* کێڵگەی شێخان: وەک یەکێک لە کێڵگە سەرەکییەکان هەژمار دەکرێت و پێشتر بڕێکی بەرچاو نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرا، بەڵام زانیاریی ورد لەسەر ئاستی بەرهەمی ئێستای بەردەست نییە.

* کێڵگەکانی ئاکرێ-بجیل و عەین سوفنی: دوو کێڵگەی بچووکترن لە نزیک قەزای شێخان و ئاکرێ، کە بەرهەمی هەریەکەیان ڕۆژانە لەنێوان 3 بۆ 4 هەزار بەرمیلدایە.


کێڵگە ڕاگیراو و چاوەڕوانکراوەکان

* کێڵگەی باشیقە: ئەم کێڵگەیە پێشتر ڕۆژانە هەزار و 500 بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرا، بەڵام لە ئێستادا کارکردن تێیدا بەتەواوی ڕاگیراوە.

* کێڵگەی کوردەمیر: دەکەوێتە سنووری گەرمیان و وەک یەکێک لە کێڵگە نەوتییە دۆزراوەکان هەژمار دەکرێت کە تا ئێستا دەست بە وەبەرهێنان و کارکردن تێیدا نەکراوە و چاوەڕوانی "داهاتوویەکی گەشتر" دەکات.


داهاتووى پرۆسه‌كه‌: گه‌شانه‌وه‌ یان پووكانه‌وه‌؟

نەخشەی وزەی هەرێمی کوردستان دەریدەخات کە هەرێم خاوەنی سامانێكى گەورەی نەوتییە، بەڵام بەهۆی ئاڵنگارییە سیاسی و لۆجستییەکان، بەتایبەت کێشەی هەناردەکردن، نەیتوانیوە سوودی تەواو لەم سامانە ستراتیژییە وەربگرێت.

ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ى پرسی شه‌فافیه‌ت و مامه‌ڵه‌كردنى ناڕوون و هه‌ندێكجاریش "نایاسایی" و له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌زگا فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌، ئه‌وى له‌ پێش چاوی هاوڵاتییدا له‌ پرۆسه‌یه‌كى نیشتمانییه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كى زه‌به‌لاحی داهاتى حزبیی و ده‌سته‌یی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو