ململانێی لۆبیگەری لە واشنتۆن؛ پارتی و یەکێتی بە سێ تیمی جیاواز لۆبی دهكهن
١٢ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، دوو حیزبی سەرەکیی دەسەڵاتداری ههرێم، بە سێ تیمی جیاوازەوە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا سەرقاڵی لۆبیگەریی دژ بەیەک و سەربەخۆن. ئەم هەنگاوە نەک هەر تێچوویەکی زۆری دارایی لەسەر هەرێم دروست کردووە، بەڵکو بە وتەی چاودێران، پێگەی سیاسی و "میسداقیەت"ـی کوردستانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە.
پەرتەوازەیی لە دڵی بڕیاری ئەمریکادا
بەپێی زانیارییەکان، هەوڵەکانی لۆبیگەریی لایەنە کوردییەکان لە واشنتۆن بەمشێوەیە دابەش بوون:
تیمی سەرۆکایەتیی حکومەت: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی فەرمیی حکومەت و چەند تیمێکی تایبەتەوە کارەکانی لۆبیگەری بەڕێوە دەبات.
تیمی سەرۆکایەتیی هەرێم: تیمێکی دیکەی جیاواز کار بۆ بەرژەوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
تیمی یەکێتیی نیشتمانی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بەناوبانگی لۆبیگەری (بالارد پارتنەرز - Ballard Partners) کردووە بۆ داکۆکیکردن لە سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکادا.
گرنگیی لۆبیگەری لە واشنتۆن بۆ هەرێمی کوردستان لە چەند خاڵێکی ستراتیجیدا خۆی دەبینێتەوە، لەوانە پرسی بودجە و پشکی هەرێم لەگەڵ بەغدا، پاراستنی پشتیوانیی ئەمنیی ئەمریکا لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش، سیاسەتی نەوت و گاز لهگهڵ مسۆگەرکردنی داکۆکیی سیاسی لە کاتی قەیرانەکاندا. بەڵام ئەم پەرتەوازەییە لە هەوڵەکاندا وا دەکات پەیامی هەرێم یەکگرتوو نەبێت و کاریگەریی کەمتر بێت.
پوکاندنەوەی هەرێم لەجیاتی بەهێزکردنی
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە جووڵەی لایەنەکان لە واشنتۆن، له لێدوانێكیدا بۆ پهنجهره، هۆشداری دەدات کە "ئەم شێوازە لە لۆبیگەری کە هەر لایەنێک بۆ خۆی دەیکات، جگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، هەرێمی کوردستانی کردووەتە دوو یەکە و ئیدارەی جیاواز لە چاوی دونیای دەرەوە، کە ئەمەش پایەکانی هەرێم دەپوکێنێتەوە."
ئەو سەرچاوەیە جەختیشی کردەوە کە "پێشتر فاکتەری دەرەکی قەرەبووی لاوازیی ناوخۆی دەکردەوە، بەڵام ئێستا گواستنەوەی ململانێ شەخسی و حیزبییەکان بۆ دەرەوە، کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و لۆبیگەرییەکە لەبری بەهێزکردنی هەرێم، بە لاوازبوونی کۆتایی دێت."
یەکێتی و "مۆدێلی ئیمارات"
سەبارەت بە پاڵنەری یەکێتی بۆ ئەم هەنگاوە، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە سیاسەتی ئێستای یەکێتی بریتییە لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی 'مۆدێلی ئیمارات'. واتا هەروەک چۆن دوبەی و ئەبوزەبی وەک دوو ناوەندی بەهێزی ئابووری و سیاسی بوونیان هەیە، یەکێتیش دەیەوێت سلێمانی وەک ناوەندێکی سەربەخۆ لەبەرامبەر هەولێردا نمایش بکات و لەم ڕێگەیەوە ڕاستەوخۆ و بە ناوی 'سلێمانی'یەوە پەیوەندیی نێودەوڵەتی دروست بکات.
پسپۆڕان: ئەمە لەدەستدانی متمانەیە
لەم بارەیەوە، د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، پشتڕاستی ئەو بۆچوونانە دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: "لۆبی جیای حیزبەکان کاریگەرییەکانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لاوازتر دەکات و دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە و دەرکەوتنی هەرێم وەک کیانێکی پەرتەوازە."
ناوبراو پرسیارێکی جەوهەری دەوروژێنێت و دەڵێت: "پرسیارەکە ئەوەیە ئایا یەکێتی و پارتی بەڕاستی خاوەنی لۆبین، یان تەنها کار بۆ ئامانجی دیکە دەکەن؟ ئەگەر لۆبییان هەیە، کوا ئەنجام و بەرهەمەکەی؟"
ئەم پرسیارە گومانەکان لەسەر کارایی و ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم هەوڵە پەرتەوازانە زیاتر دەکات و داهاتووی پێگەی هەرێم لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونكه لە کاتێکدا نهیارانى کورد یەکگرتوون لە دژایەتیکردنی، سەرکردایەتیی کورد لە گرنگترین پایتەختی جیهاندا پەیام و هەوڵی ناکۆک و دژ بەیەک ئاڕاستەی ناوەندەکانی بڕیار دەکەن.