یەکێتی پێگەی دیپلۆماسیی خۆی له چین قایمتر دەکات
١٢ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:١٨ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
لە هەنگاوێکدا کە ڕەهەندی سیاسی و مێژوویی هەیە، پۆستی باڵیۆزی عێراق لە چین، کە یەکێکە لە گرنگترین پایتەختەکانی جیهان، جارێکی تر درایەوە بە کاندیدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەمەش وەک درێژەپێدەری ئەو نەریتە سیاسییە دەبینرێت کە لە دوای ساڵی 2003ـوه بە ڕۆڵی سەرەکیی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو: جەلال تاڵەبانی، دامەزرا.
بەپێی مەرسومێکی کۆماری کە لە ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی عێراقی"ـدا بڵاوکراوەتەوە، ئەحمەد بەرواری وەک باڵیۆزی نوێی عێراق لە کۆماری چینی میللی دەستنیشان کراوە.
بەرواریی كه كادیری یه‌كێتى نیشتمانییه، دانانی لەم پۆستە ستراتیژییەدا تەنها گۆڕانکارییەکی ئاسایی نییە لەنێو کارگێڕیی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا، به‌ڵكو وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر ئەو نه‌ریته ته‌ماشا ده‌كرێت كه ئه‌و پۆسته به‌رده‌وام بۆ كاندیدی یه‌كێتى ده‌بێت.
پاشخانێکی مێژوویی: میراتی تاڵەبانی لە پەیوەندی لەگەڵ چیندا
جه‌لال تاڵه‌بانى یه‌كێك بووه له‌و سیاسییانه‌ى له سه‌رده‌مێكدا له‌ژێر كاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ى ماویی "ما‌و تسی تۆنگ- دامه‌زرێنه‌رى چینی میللی" دابووه و له ناوه‌ڕاستى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ى كردووه، به‌ڵام له‌دواى ڕوخاندنى رژێمى به‌عس و به‌تایبه‌ت وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ى زیاتر بره‌وپێدا و دوو جاری تر سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ى كرده‌وه.
یەکەم باڵیۆزی عێراق لە چین لە دوای 2003، محەمەد سابیر ئیسماعیل، کەسایەتیی دیاری نێو یەکێتی و هاوەڵزاوای تاڵەبانی بوو. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی کە یەکێتی گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئەو زلهێزە ئابوورییەی ئاسیا و جیهان دەدات.
بۆچی چین؟
د. سه‌ردار عه‌زیز، لێكۆڵه‌رى نێوده‌وڵه‌تى كه به‌تایبه‌ت له‌باره‌ى چینه‌وه لێكۆڵینه‌وه ده‌كات، پێیوایه وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته هه‌موو جار له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه، وه‌كو نه‌ریتێكى لێهاتووه كه له سه‌رده‌مى جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه بناغه‌كه‌ى دانراوه.
به‌ڕای سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار كه بۆ په‌نجه‌ره قسه‌ى كرد، تاڵەبانی لەو کاتەدا پێی وابوو کە عێراق بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات و دروستکردنی هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەیدا، پێویستی بە هاوبەشێکی بەهێزی وەک چین هەیە.
هه‌ربۆیه جه‌لال تاڵه‌بانى ئاوه‌ڵزاواكه‌ى خۆی له‌و پۆسته داناوه و به‌دواى ئه‌ویشدا ئه‌و باڵیۆزانه‌ى دیكه كه به فه‌رمیی و هه‌میشه‌یی له‌و وڵاته‌دا دانراون، سه‌ر به یه‌كێتى نیشتمانى بوون.
دانانی باڵیۆزەکان بە میکانیزمێکی مەرکەزی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت
پێناچێت هۆكارێكى تایبه‌ت به كورد و به‌رژه‌وه‌ندیی كورد له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هه‌بێت یان لێی كه‌وتبێته‌وه، چونكه بوون و ئاماده‌یی چین له هه‌رێمى كوردستاندا به‌و ڕاده و ئاسته به‌رزه نییه به‌تایبه‌تى له كه‌رتى نه‌وت و پیشه‌سازییه‌كانى نه‌وتدا له‌چاو كۆمپانیا ئه‌مریكی و ڕۆژئاواییه‌كانه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا و به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌رێمه‌وه، ئاماده‌یی چین له عێراقدا زیاتره. کۆمپانیا چینییەکان وەبەرهێنانی گەورەیان لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراقدا کردووە و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق.
هه‌روه‌ها عێراق و چین ڕێککەوتنێکی ستراتیژییان هەیە کە ماوه‌یه‌كه به‌هۆكارى فشاره‌كانى ئه‌مریكا راگیراوه، كه بەپێی ڕێككه‌وتنه‌كه چین ژێرخانی عێراق (قوتابخانە، نەخۆشخانە و ڕێگاوبان) ئاوەدان دەکاتەوە و لە بەرامبەردا عێراق بڕێکی دیاریکراو نەوتی بۆ دابین دەکات.
له‌ئاستى سیاسییشدا په‌یوه‌ندیی ئه‌و دوو وڵاته له ئاستێكى به‌رز و باشدایه، به‌تایبه‌تى چین لە ڕابردوودا هەڵوێستی نەرمی بەرامبەر عێراق هەبووە و لە ساڵی 2004ـدا بڕیاریدا لە 80%ـی ئەو قەرزانە خۆش ببێت کە لەسەر عێراق کەڵەکە ببوون و بڕه‌كه‌ى نزیکەی 8 ملیار و نیو دۆلار بوو.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانى، لە لێدوانێکدا بۆ په‌نجه‌ره، ڕایگەیاند: "دانانی باڵیۆزەکان بە میکانیزمێکی مەرکەزی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڕێز ئەحمەد بەرواری پێشتر لە بەلجیکا کاری کردووە و ئێستا گواستراوەتەوە بۆ چین."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەر باڵیۆزێک دوای چوار ساڵ لە پۆستەکەیدا، بۆ ماوەی دوو ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندی وەزارەت."
ئەم لێدوانە فەرمییە لایەنی کارگێڕیی پرۆسەکە ڕوون دەکاتەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە، پێدانی ئەم پۆستە بە یەکێتی بە ڕێککەوتی سیاسی و دابەشکاریی نێوان لایەنەکان دادەنرێت، کە تێیدا یەکێتی له‌لایه‌كه‌وه توانیویەتی گرنگترین پۆستی دیپلۆماسی لە ئاسیا كه یه‌كێكیشه له پۆسته گرنگه‌كانى جیهانیش، بۆ خۆی مسۆگەر بکات؛ له‌لایه‌كی تریشه‌وه درێژه به میراتییه دیپلۆماسییه‌كه‌ى تاڵه‌بانى بدات.